نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانیی تەواوی پاراستنی مافی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

بەبۆنەی جەژنی "رۆژیێن ئێزی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە میری ئێزدییان، بابەشێخ، جڤاتی رووحانی و هەموو کوردانی ئێزدی لە تەواوی جیهان دەکات. 
 
لە پەیامێکی پیرۆزباییدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: هیوادارم خوشک و برایانی ئێزدی هەموو جەژنێک بە خۆشی و ئارامی بکەنەوە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە، "بەتەواوی پشتیوانیی خوشک و برا ئێزدییەکان و پاراستنی مافەکانیان" دەکات. 
 
پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەموو کوردانی ئێزدی ئەوەیە کە پشتڕاست بن، "هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ماڵ و شوێنەکانیان بەردەوام دەبێت."
 
کوردانی ئێزدی دوای سێ رۆژ بەڕۆژووبوونی ئێزی، جەژنی ئێزی دەگێڕن، خەڵک لەو رۆژەدا لە ناوچە جیاجیاکانەوە لە بەیانی زووەوە روو لە گۆڕستانەکان دەکەن. پاشان دەچنە مەزارگەکان و ئەوانەی لە یەک زوویر بووبن، لەو جەژنەدا داوای لێبووردن لە یەکدی دەکەن.
 
لە ئایینی ئێزدییەکاندا هەفتەی یەکەم و دووەمی کانوونی یەکەم، رۆژە هەرەکورتەکانی ساڵن، بۆیە لەو هەفتانەدا سێ رۆژ رۆژوو دەگیرێت، کە دەکەوێتە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە، لەو رۆژانە خوێن ناڕێژرێت، شەڕ و قسەی خراپ ناکرێت، کارەکانی رۆژانە رادەگیرێن و خەڵک تەنیا لە خودا دەپاڕێنەوە.