رێڤەبەریی خۆسەر داوا دەکات هێزێکی نێودەوڵەتی بچێتە بەنداوی تشرین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، لە 8ـی ئەم مانگەوە خەڵکی سڤیل دەنێرنە بەنداوەکە و وەک قەڵخانێک بەنداوەکە دەپارێزن، بەڵام هێشتا هێرش دەکرێتە سەریان و دەیانیان کوژراون، بۆیە داوا دەکات هێزێکی نێودەوڵەتی بچێتە بەنداوەکە.
رێڤەبەری خۆسەر، ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-1-2025) لە راگەیێندراوێکدا گوتی "دوای رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، قۆناخێکی نوێ دەستیپێکرد، قۆناخێک کە ئەنجامی 14 ساڵ خۆڕاگریی گەلی سووریایە. لە ماوەی ئەم 14 ساڵەدا، گەلانی سووریا تووشی زۆر ناخۆشی و ئازار بوون، لە کۆچی زۆرەملێوە بگرە تاوەکو وێرانبوونی ئابووری و لە کۆتاییشدا داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا."
لە راگەیێندراوەکەی رێڤەبەریی خۆسەردا هاتووە "بە رووخانی رژێمی بەعس، گەلی سووریا لەبەردەم وەرچەرخانێکدایە کە چەندین رێگای جیاواز لەبەردەمیاندایە. لەم قۆناخەدا، گەلانی سووریا دەتوانن پێکەوە سووریایەکی نوێ و دیموکراتی بنیات بنێن."
ئاماژە بەوە دەکات، هێزە سیاسییەکان، پارت، رێکخراو و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنی ناوخۆییەوە دەستوورێکی شایستە دابڕێژن، کە رەنگدانەوەی فرەیی سووریا بێت، بەڵام، بەردەوامبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و میلیشیاکانی سەر بەو، قەیرانی سووریا قووڵتر دەکەنەوە. رێگری لەوە دەکەن گەلی سووریا لە ئاشتیدا بژی و سووریا لە کەشێکی ئازاددا دەستوور و داهاتووی خۆی دیاری بکات. ئەم هێرشانە کۆمەڵگەی سووریا زیاتر پارچە دەکەن کە پێشتر وێران کراوە."
وەک ئەنجوومەنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، "هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی شەڕکەر کە ئامانجیان بەنداوی تشرینە، شەرمەزار دەکەین." ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەروەها دەڵێ "بۆ پاراستنی بەنداوەکە، ئێمە وەک گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە 8ی مانگی یەکەوە سڤیل دەنێرینە بەنداوەکە و وەک قەڵخانێکی زیندوو بە یەکدەستی بەنداوەکە دەپارێزین، بەڵام هێشتا تورکیا رانەوەستاوە. هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییان و دەیان هاووڵاتی شەهید بوون و ئەم هێرشانە بەردەوامن."
رێڤەبەری خۆسەر داوا لە گەلانی سووریا لە کورد، عەرەب، سریان، چەرکەس، عەلەوی، دروزی، موسڵمان و ئێزیدی دەکات دژی ئەم هێرشانەی سەر بەنداوی تشرین بوەستن، "بێنە سەر شەقامەکان و دەنگی خۆیان بگەیێننە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە وێرانکردنی بەنداوەکە، کارەساتێکی مرۆیی بەدواوە دێت."
بانگەوازیش لە بزووتنەوە ژینگەییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە مەترسی لەسەر بەنداوەکە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و چەندین کارەساتی بەدواوە دێت. ئەم هێرشانە نەوەک تەنیا زیان بە سرووشتی ناوچەکە دەگەیێنن، بەڵکو گەلەکەی بەرەو کۆمەڵکوژی دەبەن. رۆژانە شەهیدبوون و وێرانکردنی ژینگە روودەدات. باڵندە و ئاژەڵەکان هێلانەکانیان جێهێشتووە. مەترسییەکان ئەمانەن:
1- سەدان گوند و سەدان هەزار دانیشتووان لە دەوروبەری بەنداوەکەدا دەژین. وێرانکردنی بەنداوەکە دەبێتە هۆی خنکاندن و وێرانکردنی ژمارەیەک گوند.
2- کارەساتێکی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، هێلانە و شوێنی هەزاران جۆری گیانەوەر وێران دەکات و سیستمی ژینگەیی ناوچەکە تێکدەدات. لە ئەنجامی وێرانکردنی بەنداوەکەدا رووەک و ملیۆنان زیندەوەر لەنێودەچن.
3- "بەنداوەکە کارەبا بە سەدان هەزار گوند و شارۆچکە دەدات." وێرانکردنی سووریا دەخاتە بارودۆخێکی سەخت و سەردەمێکی تاریکەوە.
4- بەنداوەکە هەروەها پردێکە کە هاتووچۆی دانیشتووانی ناوچەکە ئاسان دەکات. بۆیە ئەم هێرشکردنە دۆخی ژیان سەخت دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە لەبەر ئەو هۆکارانە "داواکارییەکانی ئێمە لە گەلانی سووریا و هێزە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکان کە بانگەوازمان کردن ئەمانەن: هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی راوەستێنن و هێزێکی نێودەوڵەتی بێتە نێو بەنداوەکە."
ئەم راگەیێندراوە لەکاتێکدایە گرووپێکی سڤیل رۆژی شەممە 18-1-2025 لە نزیک بەنداوی تشرین کۆببوونەوە، بە درۆن بۆردوومان کران و بەهۆیەوە 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 15ـی دیکەش بریندار بوون.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و 80 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە.
بەنداوەکە بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەندرێت و لە ساڵی 1999ـوە کارەبای ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دابین دەکات، بەتایبەت سنوورەکانی شاری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان.