دێرسم: دەبێت بەپەلە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان رابگیرێن
رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی کار و دیموکراسیی دێرسم لە باکووری کوردستان، هێرشەکانی هێزەکانی سەر بە "حکومەتی کاتیی سووریا" بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو هێرشانە هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر داهاتووی سووریا و پێکەوەژیانی گەلان.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026 پلاتفۆرمی کار و دیموکراسیی دێرسم لە شەقامی هونەر لە ناوەندی شارەکە گردبوونەوەیەکیان کرد. لە چالاکییەکەدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و داوایان کرد دەستبەجێ هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان رابگیرێن.
ئۆزجان ئاتەش، ئەندامی پلاتفۆرمەکە بەیاننامەکەی خوێندەوە و گوتی: "لە کاتێکدا لەسەر مێزی دانوستاندنەکان لە پاریس باس لە داهاتووی سووریا دەکرێت، ئیرادەی پێکەوەژیانی گەلانی سووریا پشتگوێ دەخرێت و ناوچە کوردییەکان کراونەتە بابەتی مامەڵە و بازاڕپێکردن."
بەگوێرەی بەیاننامەکەی پلاتفۆرمی دێرسم، تورکیا بە پاساوی "هەڕەشەی تیرۆر" بانگەشەی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات، بەڵام لە واقیعدا "مافی پێکهاتەکان پێشێل دەکات و پشتیوانی لە گرووپە جیهادییەکان و حکومەتی کاتیی شام دەکات بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە."
ئۆزجان ئاتەش رەخنەی لە سیاسەتی دووفاقیی نێودەوڵەتی و هەرێمی گرت و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراون، ئەمە وەکو هێرش بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا هەڵناسەنگێندرێت، کەچی بوونی کورد وەک مەترسی دەبینرێت؛ ئەمەش دەری دەخات پرسەکە یەکپارچەیی خاک نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە."
ئەم ناڕەزایەتییە لە دێرسم لە کاتێکدایە، دۆخی ئەمنی و سەربازی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) و ناوچەکانی دیکەی سووریا ناسەقامگیرە.
هاوكات لەگەڵ ئەم هێرشانەی سەر رۆژئاوا، دەنگۆی پشێوی لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بڵاوبووەتەوە. هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی سووریا ناچار بوو روونکردنەوە لەبارەی دۆخی "گرتووخانەی ئەقتان" لە رەققە بدات و ئەو دەنگۆیانە رەتبکاتەوە کە باس لە بوونی پێکدادان دەکەن لە دەوروبەری گرتووخانەکە. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە گرتووخانەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسی سەربازییەوە کۆنترۆڵ کراوە.