فراکسیۆنی دەم پارتی لە نزیک سنووری رۆژئاوای کوردستان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بۆ سەرنج خستنەسەر پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنەکەی لە شارۆچکەی نوسێبینی مێردین و لە خاڵی سفری سنوور دەکات.
کۆبوونەوەکە کاژێر 13:00ی ئەمڕۆ سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026 لە چوارڕیانی هێڵی ئاسن لە شەقامی رێگەی میدیاتی نوسێبین بە بەشداریی هاوسەرۆکان تولای هاتیمئۆغوڵاری و تونجەر باکرهان بەڕێوەدەچێت.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رایگەیاند، "شوێنی کۆبوونەوەی فراکسیۆنمان کە بڕیارە رۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەم بکرێت، گۆڕدراوە. کۆبوونەوەی فراکسیۆنمان لەجیاتی پەرلەمانی تورکیا، لە شارۆچکەی نوسێبینی سەر بە مێردین دەکرێت. کۆبوونەوەکە لەلایەن هاوسەرۆکانمان، تولای هاتویمئۆغوڵاری و تونجەر باکرهانەوە بەڕێوەدەچێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەم پارتی، لە شوێنی کۆبوونەوەکەوە رێپێوان بەرەو پارکی سنوور دەکرێت و کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکە لەو پارکە بەڕێوەدەچێت.