خۆپێشاندەرانی کورد بۆ پشتیوانیی رۆژاڤای کوردستان: ئەمڕۆ رۆژی غیرەتە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە شەوی 19-1-2026ـەوە، لە پاش ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە داوای لە گەنجانی رۆژاڤا، باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد پەیوەندی بە "ریزەکانی بەرگری"یەوە بکەن لە رۆژاڤای کوردستان، خۆپێشاندان لە دەیان شار و ناوچەی باشووری کوردستان و دیاسپۆرا دەستیپێکرد.
 
لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک، کەلار، رانیە، زاخۆ و چەندین ناوچەی دیکە خۆپێشاندان بەڕێوەچوو.
 
خۆپێشاندەران داوایان کرد جیهان لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر رۆژاڤای کوردستان بێدەنگ نەبێت. لە هەولێر خۆپێشاندەران چوونە بەردەم کۆنسووڵخانەی ئەمریکا و داوای "هەڵوێستی جیدی"یان لەو وڵاتە کرد.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان ئامادەیی خۆیان بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی هەسەدە راگەیاند و داوای ئاسانکارییان لەسەر سنوورەکان کرد.
 
بانگەوازەکەی هەسەدە پاش کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا هات لە دیمەشق، کە رێکنەکەوتن و بەپێی زانیارییەکان، شاندی رۆژاڤای کوردستان بە دیمەشقیان گوتووە، "دەگەڕێینەوە و بەرخۆدان دەکەین".