بکوژانی مەلاكەی هەولێر دەستگیردەكرێن

رووداو - هەولێر

چەند ئەندامێكی باندێكی دزیكردن بە تۆمەتی كوشتنی مەلا مەحموود عوسمان لە شاری هەولێر دەستگیردەكرێن، كە یەكێكیان سەرۆكی باندەكەیە. بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی لەبارەی باندەكەوە كراون، دەركەوتووە کە دزییان لە ماڵی چەند پەرلەمانتارێكیش كردووە. باوكی مەلا مەحموودیش داوا لە بارزانی دەكات بكوژی كوڕەكەی لەسێدارە بدات.

كاژێر 22:30ی شەوی 31/1/2017 ، مەحموود عوسمان، تەمەن  34 ساڵ، خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو و گوتارخوێن و پێشنوێژی پێشووی مزگەوتی سلێمان محەممەد، لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی منارەی شاری هەولێر كوژرا. ناوبراو خوێندكاری ماستەر بووە لە شەریعەتی ئیسلامی، خێزاندار بوو و 3 منداڵی هەبوو.

بەپێی قسەی ئاسیا ئەنوەر، هاوژینی مەحموود عوسمان بۆ (رووداو) "كاژێر 22:30ی شەو لەبەر دەرگا هاوژینەكەیان برینداركردووە و دواتر هەوڵیداوە خۆی بگەیێنێتە ژوورەوە، بەڵام كەسێك تەقەی لێكردووە و كوشتوویەتی".

هەر دوای رووداوەكە دەزگا ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كرد. بەپێی زانیاریی (رووداو) تاوانەكە لەلایەن باندێكەوە كراوە. تاوەکو ئێستاش 6 ئەندامی باندەكە دەستگیركراون، كە یەكێكیان سەرۆكی باندەكەیە، بەڵام سەرجەم ئەندامانی باندەكە دەستگیرنەكراون.

عوسمان پاشا، باوكی مەحموود، پشتڕاستیكردەوە كە چەند كەسێك بە تۆمەتی كوشتنی كوڕەكەی دەستگیركراون. باوكی مەلا مەحموود بە (رووداو)ی راگەیاند "دەزگا ئەمنییەكان بە ئێمەیان راگەیاندووە چەند كەسێك دەستگیركراون و خەڵكی دیكەش ماون دەستگیر بكرێن. ئەو كەسانەی كوڕی منیان كوشتووە باندێكی چەتە و رێگربوون. ئەو زوڵمەیان لە ئێمە كرد، ئەگەرنا ئێمە بنەماڵەیەكی ناسراوی هەولێرین، هیچ كێشەیەمان لەگەڵ كەس نییە".

عوسمان پاشا داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات دوای دادگاییكردن، بڕیار لەسەر لەسێدارەدانی بكوژی كوڕەكەی بدات و دەڵێ "داوام لە كاك مەسعود هەیە بكوژەكانی كوڕەكەم دادگایی عادیلانە بكرێن و ئیعدام بكرێن".

سەرچاوەیەك لە ئاسایشی هەولێر لەبارەی لێكۆڵینەوەكان لەو دۆسیەیە تەنیا ئەوەندەی گوت :"لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بەردەوامە و لە نزیكترین كاتدا تەواوی وردەكارییەكە بۆ رای گشتی دەخەینەڕوو".

سەرچاوەیەك كە ئاگاداری دۆسیەی لێكۆڵینەوە لەو رووداوەیە، گوتی "ئەو گرووپە چەندین دزی گەورەیان كردووە، پارەی پەرلەمانتارانیان بردووە. دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس پێشبینی دەكەن ئەو گرووپە فراوانتر بێت و بەشێوەی رێكخراو و شارەزایانە كارەكانیان بكەن".

هەر بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە "لە كامێرای چاودێری دەركەوتووە ئۆتۆمبێلێك بەدوای مەحموود عوسمانەوە بووە، هەندێكجار ئۆتۆمبێلەكە پێشی كەوتووە. ئەوەندە شارەزا بووە و زانیاریی پێشوەختەیان لەسەر كۆكردووەتەوە تا گەیشتووەتەوە ماڵ، لەلای ماڵی مەحموود عوسمانیش ئۆتۆمبێلێكی دیكە چاوەڕێی كردووە، داوایان لێكردووە پارەكانیان بداتێ‌، بەڵام رازی نەبووە و بووەتە دەنگە دەنگ و تەقەیان لێكردووە و برینداریان كردووە".

(رووداو) زانیویەتی مەحموود عوسمان دەمانچەیەكی جۆری تاریقی پێبووە و 9 گوللەی تێدابووە، 5 گوللەی لە دەرەوە تەقاندووە و 4 گوللەش لە حەوشەی ماڵەكەی. بەپێی قسەی ئەو كەسەی تۆمەتبارە بە كوشتنی مەلا مەحموود، لە لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و گوتوویەتی لەبەر ئەوەی مەحموود بەرگریی كردووە و پارەكەی نەداونەتێ‌، بۆیە كوشتوویەتی. بەپێی زانیارییەكان مەلا مەحموود 80 هەزار دۆلاری پێبووە.