باوکی ئەو ژنەی دەگوترێت هاوژینەکەی سووتاندوویێتی: مێردەکەی سەرخۆش بووە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژی رابردوودا ژنێکی تەمەن 21 ساڵ "لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنراوە" و پۆلیسش دەڵێت، ژنەکە گوتەی لێوەرگیراوە و گوتوویەتی کە مێردەکەی نەوتی پێداکردووە و سووتاندوویەتی. باوکی شنیاریش دەڵێت "پێموایە لە کاتی رووداوەکەدا هاوژینی شنیار سەرخۆش بووە."
کچەکە ناوی شنیار هونەرە و دوو منداڵی هەن، منداڵە گەورەکەی 4 ساڵە و بچووکەکەی دوو ساڵە و هاوژینەکەیشی 25 ساڵە. پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند کە هاوژینەکەی ویستوویەتی بچێتە دەرەوەی وڵات بەڵام دەستگیرکراوە.
لە بەرپرسیار دایکی شنیار هونەر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی هیچ کەس هیچی بە من نەگوتبوو و هەتا هاتمە نەخۆشخانە و شنیار پێی گوتم کە خۆی نەسووتاندووە و ئەو سووتاندوومی [هاوژینەکەی]."
بە گوتەی دایکی، شنیار و هاوژینەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا شەڕیان بووە و دواتر شنیار بە دایکی گوتووە کە "سەری داوە بە ئەرزدا و دواتر نەوتی پێداکردووە و سووتاندوویەتی."
هونەر رەفیق، باوکی شنیار لە بەرنامەی بەرپرسیار کە شەهیان تەحسین پێشكێشی دەکات گوتی "تەندروستی کچەکەم ناجێگیرە، شەوی رابردوو مێردەکەی لێی داوە و دواتر نەوتی زۆپاکەی هێناوە و کردوویەتی بە کچەکەمدا و دواتر سووتاندوویەتی."
باوکی شنیار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، شنیار قسە دەکات و هیچ کێشەیەک لە قسەکانیدا نییە و هەر کەسێک دەچێتە لای دەڵێ "بەڵێ لەلایەن هاوژینەکەمەوە سووتێنراوم."
دەشڵێت "ئەم پیاوە نزیکەی 5 ساڵە کچەکەی ئێمە هاوژینی بووە و هیچ کێشەیەکیان نەبووە، پیاوەکە ماددە کحولییەکان دەخواتەوە و کچێکی ناسیوە و لەگەڵیدابووە ماڵی باوکی کوڕەکەش سکاڵایان لەسەر ژنەکە تۆمارکردووە بەتۆمەتی ئەوەی ماڵی ئەوانی وێران کردووە و ماڵی ئێمەشی تێکداوە، شنیار پێیگوتووە کە بچێ ژن بهێنێت و من لەگەڵ منداڵەکانی خۆم دەژیم. کاتێکیش کچەکەمی سووتاندووە پێموایە سەرخۆش بووبێت."
هەر لە درێژەی قسەکانیدا باوکی شنیار رایگەیاند، پێشتر ئەو کوڕە لە ماڵەوە بووە و بە ماڵی باوکیشی گوتووە کە شەو نایەتەوە بۆ ماڵەوە. خەسوویشی گوتوویەتی کە دەرگە دابخات، دواتر هاتووەتە ماڵەوە و لێی داوە و ئەم کارەی کردووە.
کچەکە لەگەڵ ماڵی باوکی کوڕەکە و برایەکی لە خانوویەکی سێ قاتدا دەژین، باوکی دەشڵێت "لە ماوەی ئەم 4 مانگەدا خۆم جارێک لەڕێگەی کوڕەکەمەوە هێناومەتەوە بۆ ماڵەوە، چونکە ئەو پیاوە هەر بە سەرخۆشی هاتووەتە ماڵەوە و لە کچەکەمی داوە. پێشتر هیچ کێشەیەک لەنێوان شنیار و پیاوەکەدا نەبووە، بەڵام ئەم ماوەیە چەند جارێک شەڕیان کردووە."
بە گوتەی باوکی شنیار "چەند جارێک براکەی بەو پیاوەیان گوتووە کە قسەی ئەوانی شکاندووە و ئێستا بۆ وا لەو کچە دەکەی، ئەمیش رقی براکەی بە کچەکەم رشتووە و لێی داوە. لە ماوەی ئەم دوو سێ مانگەی رابردووشدا کە فێری خواردنەوەی ئەم ماددە کحولییانە بووە لە کچەکەمی داوە. شتەکەش ئەوەندە گەورە نەبووە کە بگیێنرێتە لای پۆلیس."
ئامۆزای هاوژینی شنیار: باوەڕ ناکەم کە هاوسەری شنیار ئەو کارەی کردبێت
جەلال رەسوول، ئامۆزای هاوژینی شنیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێشتر هیچ کێشەیان نەبووە و زۆر رێک بوون، تاوەکو ئەم خولەکەش کە هونەرم ناسیوە کێشەی نەبووە، بەڵام ئەم ماوەیە گوتویان کە گۆڕاوە و تۆزێک جیاوازە لە چاو جاران. هونەر و شنیار زۆر یەکدیان خۆشدەویست و هەردوو بنەماڵەش کێشەیان نەبووە، بەڵام ئەوەی زۆر سەرگەردانە ئەم کوڕەیە کە سەری لێتێکچووە."