سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: هەموو کارێکی پێویست لەپێناو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یونامی دەڵێت، سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردەوە کە "بە پەرۆشی و رژدييهوه هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت."
رۆژی سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە بەشداریی یۆنامی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
له كۆبوونهوهكهدا، وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "جهخت كرايهوه كه سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە رابردوودا هەنگاوی جدییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ههڵناوه و ئەرکی ياساييى خۆیان بەجێ گەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و رژدييهوه هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت."
لە رابردوودا دوو جار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، هەڵبژاردن نەکرا، هەرچەند تاوەکو ئێستا دادگای فیدراڵی 11 دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە، بەڵام بڕیاری نەداوە.
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر لە ئەمڕۆوە (20ـی شوبات) دەست بە ئامادەکاری بکەن، لانیکەم چوار مانگیان پێویستە، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ کاتی هەڵبژاردن دیاریبکرێت، ئەوا هەڵبژاردن دەکەوێتە 20ـی حوزەیران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەشڵێت، "کۆمیسیۆن باسی رێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایی تەمەنی کۆمسیۆندا خستەڕوو، لە هەمان کاتدا نوێنەری یونامیش ئامادەیی نیشان دا کە هاوکاریی هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن."