بەرپرسیاری رەمەزان؛ باوکێک لە هەولێر گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و ئێواران 'نان نییە بیخۆن'

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سووچێکی گەڕەکی نیشتمانی ناحیەی دارەتوو، لەنێو خانوویەکی کۆن و بێ دەرگەدا، چیرۆکێکی پڕ لە ئازار و نەهامەتیی عەبدولواحید عەلی، ئەو پیاوە 38 ساڵەی کە نەک تەنیا جەستەی لەبەردەم نەخۆشییەکی بکوژدا شەکەت بووە، بەڵکو هەژاری و برسییەتیش گەمارۆی خۆی و شەش منداڵەکەیان داوە.

عەبدولواحید کە 11 ساڵ لەمەوبەر بە ئومێدی ژیانێکی ئارام لە سەرێکانیی رۆژئاوای کوردستانەوە رووی لە هەولێر کرد، ئێستا ژیانی بە داوێکی باریکەوە بەندە. هەردوو گورچیلەی لەکارکەوتوون، دڵی لاواز بووە و کیسە ئاوییەکان جەستەیان تەنیوە. ئەو هەفتانە سێ جار گورچیلەکانی دەشۆردرێن. 
 
دکتۆر عەلی تەباخ، پزیشکی پسپۆڕ، هۆشداری لەبارەی ژیانی عەبدولواحید عەلییەوە دەدات: "ئەگەر بەپەلە گورچیلەی بۆ نەچێندرێت، مەرگ چاوەڕوانی دەکات."
 
لە نێوەندی ئەم هەموو ئازارەدا، بێریڤانی هاوژینی، کە خۆیشی جەستەی شوێنەواری جەڵتەی پێوە دیارە، ئامادەیە گەورەترین قوربانی بدات. ئەو دەیەوێت پارچەیەک لە جەستەی خۆی بداتە عەبدولواحید تاوەکو سێبەری باوکایەتی لەسەر منداڵەکانیان نەمێنێت، بەڵام هەژاریی رێگرە؛ تەنانەت پارەی پشکنینەکانیشیان نییە تا بزانن گورچیلەکانیان بۆ یەکدی دەگونجێت یان نا.
 
لەم ماڵەدا، باس لە "داهاتوو" ناکرێت، چونکە هیچ کام لە شەش منداڵەکەی عەبدولواحید رۆژێک لە رۆژان تامی چوونە قوتابخانەیان نەکردووە. ئەوان لە جیاتی پێنووس و دەفتەر، خەمی نان و کرێی خانووە 180 هەزارییەکەیانە کە دوو مانگە قەرزدارن.
 
بێریڤان بە چاوێکی پڕ لە فرمێسک و دەنگێکی لەرزیوەوە دەڵێت: "مانگ و نیوێکە دەرمانمان بۆ نەکڕدراوە، ئێستا نان نییە بیخۆین و منداڵەکانم تێر بکەم." ئەو بۆ تەنیا 45 هەزار دینار دەگری، کە تێچووی گۆڕینی سۆندەی ملی هاوژینەکەیەتی بۆ رۆژی شەممە، بەڵام گیرفانیان بەتاڵە.
 
عەبوود، کوڕە گەورەی خێزانەکەیە کە تەمەنی 19 ساڵە، سیمای گەنجێکی لێ نیشان نادات، بەڵکو بارگرانی تەمەنێکی زۆری لەسەر شانە. ئەو کە ساڵانێک شانی داوەتە شانی باوکی بۆ پەیداکردنی بژێوی، ئێستا تەنیا کارێک کە پێی بکرێت، تەماشاکردنی باوکە بێهێزەکەیەتی لەسەر جێگە. دەڵێت: "باوکم هەموو شتێکی ئێمەیە، تەنیا دەمەوێت چاکبێتەوە."
 
عەبدولواحید و خێزانەکەی، ئێستا تەنیا چاوەڕێی دەستێکی میهرەبانن تا لەم گێژاوەی نەخۆشی و برسییەتییە رزگاریان بکات. چیرۆکی ئەوان، چیرۆکی مرۆڤایەتییە لە تاقیکردنەوەیەکی سەختدا.