پێنج پارێزگاری تورکیا گۆڕدران، دووانیان لە باکووری کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
لە وەزارەتی ناوخۆ و دادی تورکیا چەند گۆڕانکارییەکی کارگێڕی کران، لەوانە پێنج پارێزگار گۆڕدران، کە دووانیان لە باکووری کوردستان بوون.
بریارەکە ئەمڕۆ هەینی 20 ـی شوباتی 2026 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە.
لە وەزارەتی داد، هەریەک لە رەمەزان جان، خورشید یڵدرم، محەممەد یڵماز و نیازی ئاجار لە پۆستی یاریدەدەری وەزیر دوورخرانەوە؛ لە شوێنیان عەبدوڵڵا ئایدۆغدو، بوراک جەیهان، جان تونجای و سەدات ئاییڵدز وەکو یاریدەدەری وەزیر دەستنیشان کران.
لە وەزارەتی ناوخۆش، مونیر کارالئۆغڵو، محەممەد ساغڵام و محەممەد ئاکتاش لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە؛ لە شوێنیان عەلی چەلیک پارێزگاری جۆلەمێرگ، کوبرا گوران ییغیتباشی پارێزگاری ئافیۆنکاراهیسار و محەممەد جانگیر وەکو یاریدەدەری وەزیر دەستنیشان کران.
پارێزگاری 5 پارێزگا گۆڕدران
بەبڕیاری سەرۆککۆمار، لە پۆستی پارێزگاری چەند پارێزگایەکدا گۆڕانکاری کرا. ناجی ئاکتاش پارێزگاری ئوشاک، کرایە پارێزگاری ئافیۆنکاراهیسار و ئیبراهیم تاشیاپان بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری رەگەزنامە و ناسنامە، کرایە پارێزگاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستان.
سەردار کارتاڵ، سەرۆکی فەرمانگەی خزمەتگوزارییە پاڵپشتیکارەکان، کرایە پارێزگاری ئوشاک و ئایدن باروش پارێزگاری گوموشهانە، کرایە پارێزگاری ئەرزەڕۆم ـی باکووری کوردستان. هەروەها جەودەت ئاتای کە پشکنەری باڵای مەدەنی بوو، کرایە پارێزگاری گوموشهانە.
بڕیارەکانی دەستنیشانکردن و دوورخستنەوە لە پۆستەکان، دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی تورکیادا خرانە بواری جێبەجێکردنەوە.