رووداو دیجیتاڵ
ئیوارەی ئەمڕۆ لە کوێستانەکانی سنووری قەزای چۆمان، مین بە باوک و کوڕێکدا تەقییەوە؛ بەهۆیەوە باوکەکە گیانی لەدەستدا و کوڕەکەشی کە تەمەنی 11 ساڵە بریندار بوو.
رووداوەکە لە کوێستانەکانی گوندی (ناوەندە) لە باڵەکایەتی روویداوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانی، ئەو باوک و کوڕە کە دانیشتووی قەزای چۆمانن، بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیا چوونەتە ئەو ناوچە کوێستانییە.
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی راگەیاند: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوەکە، سێ تیمی رزگارکردنمان راسپارد و گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. توانیمان مێرمنداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بە ناوی (محەمەد یادگار) بە برینداری بدۆزینەوە و بیگەیێنینە نەخۆشخانەی چۆمان."
لەبارەی چارەنووسی باوکەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "دوای سێ کاژێر گەڕان، تیمەکانمان تەرمی باوکەکەیان دۆزییەوە کە ناوی (یادگار کەریم)ـە و تەمەنی 42 ساڵە. ئێستا تیمەکان تەرمەکە دەهێننە خوارەوە و دواتر رەوانەی دادپزیشکیی سۆران دەکرێت."
رابەر ئەنوەر، گوتەبێژی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەو شوێنەی تەقینەوەکەی تێدا روویداوە، ناوچەیەکی چڕی بە مین چێنراوە و هێمای ئاگادارکردنەوەشی لێیە."
گوتەبێژی دەزگای مین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەم رووداوی تەقینەوەی مینە لەم ساڵدا لەو سنوورەدا تۆمار بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ