''لە بینایی چاوەکانم ئازیزترە"؛ چیرۆکی دوو برای نابینا کە خەونی گەڕانەوە بۆ عەفرین دەبینن
رووداو دیجیتاڵ
وڵات و خەلیل دوو هاونیشتمانیی نابینای خەڵکی عەفرینن، بە هەستێکی پڕ لە حەسرەتەوە باس لە خەونی گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان دەکەن و دەڵێن، دەیانەوێ بگەڕێنەوە عەفرین، ''چونکە عەفرین لە بینایی چاومان ئازیزترە."
وڵات خیلۆی تەمەن 36 ساڵ و خەلیل خیلۆی 42 ساڵ، دوو برای خەڵکی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانن. ئەوان ئێستا لە شاری قامشلۆ لە ژوورێکی بچووکدا کە خەڵکی خێرخواز بۆی دابین کردوون، ژیان بەسەر دەبەن.
وڵات خیلۆ، لەبارەی ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ شارەکەی دەڵێت، "دەمەوێ ئەمڕۆ پێش سبەی بگەڕێمەوە عەفرین. لەو کاتەوەی چاوم کردووەتەوە هەر ئاوارەم، تەمەنمان لە ئاوارەییدا بەسەربرد. پێش هەموو شتێک، پێش خواردن و خواردنەوە و تەنانەت پێش بینایی چاوەکانم، گەڕانەوەم بۆ عەفرین دەوێت."
"ماندوو بووین لە ئاوارەیی"
چیرۆکی ئاوارەبوونی وڵات و خەلیل لە خەڵکی دیکە جیاواز و سەختترە. مەیاسە عەبدۆ، دایکی ئەو دوو برایەیە.
مەیاسە ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک لە عەفرین بەهۆی جەنگەوە هەڵاتن، وڵات و خەلیل بەهۆی ئەوەی نابینان، بەردەوام دەکەوتن و هەڵدەستانەوە.
ئەو هاونیشتمانییە باس لەو رۆژە سەختانە دەکات و دەڵێت، "بۆمب و تۆپ دەبارین و ئەوانیش دەترسان. کاتێک هەڵدەهاتین، سەریان بەر دیوار و هەموو شوێنێک دەکەوت، بەدەستیانەوە زۆر ماندوو بووم. ئاوارەیی زۆر سەختە، بە خودا ئیتر ماندوو بووین."
ئەو دوو برایە لە زگماکەوە 100% نابینان و پزیشکەکانیش پێیان راگەیاندوون کە هیچ دەرمان و هیوایەک بۆ چاکبوونەوەی چاوەکانیان و گەڕاندنەوەی بیانییان نییە. بەڵام نابینایی نەبووەتە رێگر لەبەردەم هەست و هونەرەکەیان و بەردەوام گۆرانی بۆ کورد و کوردستان دەڵێن.
خەلیل خیلۆ دەڵێت، "ساڵی 2007 لە عەفرین دەستمان بە گۆرانی گوتن کرد. من و برام پێکەوە گۆرانییەکمان تۆمارکرد، دواتر کە ئاوارەی شەهبا بووین، لەوێ سێ کلیپمان بەرهەمهێنا."
هەرچەندە وڵات و خەلیل عەفرینیان بە چاوی خۆیان نەبینیوە، بەڵام خەونی گەڕانەوە بۆ شوێنێکی ئارام و خەوتن لەسەر سەرینەکەی ماڵی خۆیان، گەورەترین هیوایە کە لە نێو تاریکیدا لە دڵیاندا دەدرەوشێتەوە.
سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریای سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد لە سەرەتای ساڵی 2018 هێرشیان کردە سەر عەفرین و چەند رۆژێک پێش نەورۆز، هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد.