کچە ونبووەکەی هەولێر لە سلێمانی دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند ئەو کچەیان رادەستی کەسوکارەکەی کردەوە، کە نزیکەی هەفتەیەک بوو لە ماڵی خۆیان لە هەولێر دەرچوو بوو و لەسلێمانی دۆزرایەوە، دەشڵێت: "کچەکە لە ماڵێکدا ماوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ماڵەکەدا بەردەوامە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی نیسانی 2022، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کرد و رایگەیاند کچەکەی چەند رۆژێکە لەماڵ هاتووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، گومانی دەکرد لە شاری سلێمانی بێت، دوای ئەوەی دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد و قسەکانی باوکی ئەو کچە وەرگیرابوو، کە سۆراخی کردبوو و لە گەراجی هەولێر پێیانگوتبوو کچێکیان بەو ناونیشانە بردووەتە سلێمانی."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، گوتیشی: "دەستبەجێ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنکەکانی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کێشەی هاووڵاتییەکە، دوای لێکۆڵینەوە و گەڕان و بەدواداچوونەکان دوێنێ توانرا لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەختیارییەوە کچەکە لەناو ماڵێکدا بدۆزرێتەوە و رادەستی باوکی بکرێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کچەکە بە دادوەری گوتبوو، کە ئەو هیچ کێشەیەکی لەگەڵ باوکیدا نییە و بەپێی بڕیاری دادگە درایەوە دەستی باوکی."
ئەو کچە تەمەنی لە 18 ساڵ زیاترە، بە گوتەی پۆلیس ئەو کچە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەو ماڵەدا نییە، کە تێیدا دۆزراوەتەوە، بەڵکو ئەو ماڵە کچەکەیان لە پارکێک دۆزیوەتەوە و بردوویانەتە ماڵی خۆیان.