چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران لە سەردەشت کوژران و برینداربوون
رووداو- هەولێر
لە شەڕ و پێکدادانێکدا لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند ئەندامێکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران و برینداربوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری سەردەشت کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە (رووداو)ی راگەیاند "دوێنێ یەکشەممە لە شارۆچکەی میراوێی سەردەشت لە ئەنجامی تەقەی چەند چەکدارێکی نەناسراو دوو ئەندامی سوپای پاسداران کە خەڵکی سەردەشت بوون، کوژران".
ئاژانسی کوردپا لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە "لە بەرزاییەکانی چیای نێو کێل و هەڵاڵاویە لە پشت گوندی مێرگە پیرکێ-ی ناوچەی رەبەتی سەردەشت شەڕ و پێکدادانی چەکداری هاتووەتە ئاراوە و، لە ئەنجامدا 2 کەسی سەربە حکومەتی ئیسلامی ئێران بەناوەکانی حه‌مه‌خان و كامیل شه‌مسی كوڕی حاجی ئه‌حمه‌دی نێزێ کوژراون".
هەر لەو بارەوە ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز رایگەیاندووە "رۆژی یەکشەممە، چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی جێگیر لە گوندەکانی میراوێ و نێزێی ناوچه‌ی نه‌ڵێنی ره‌به‌ت هێرشێكی به‌رینیان كرده سه‌ر به‌رزاییه‌كانی نێوكێل، هه‌ڵاڵاوێ، فێرەگ، پشتی گوندی مێرگه پیركێ و كانییه قه‌ڵه‌مچه‌قێن. هێرشی ئەو هێزانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەرەنگاریی هێزێکی چەکداری کورد بەرەوڕوو بووەوە و له ئاكامی ئه‌و شه‌ڕو پێکدادانەدا زیاتر له 16 كه‌س له هێزه‌كانی کۆماری ئیسلامی كوژران و بریندار بوون كه ناسنامەی دوو كه‌سیان بۆ رۆژهەڵات تایمز ئاشکرا بوون کە بریتین لە حه‌مه‌ئاغا کوری کاکەڵڵا ئاغا و كامیل شه‌مسی كوڕی حوسێن حاجی ئه‌حمه‌دی نێزێ".
کوردستان و کوردی ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دیموکراتی کوردستان ژمارەی کوژراوانی سوپای پاسدارانی 6 کەس نووسیووە و رایگەیاندووە "به‌هۆی لێکدانی هێزێکی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران له ناوچه‌ی ره‌به‌ت له‌گه‌ڵ گرووپێکی چه‌کداریی کوردی‌دا زیاتر له 16 که‌س له هێزه‌کانی ئێران کوژراون‌و بریندار بوون".
تا ئێستا ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر ئەو هەواڵە نیشان نەداوە.