ئێران بەردەوامە لە زیادکردنی بارەگا سەربازییەکانی سەرسنوور

رووداو - رانیە

كۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە لە دروستكردنی بارەگای سەربازی لە سەر سنووری نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان، بەدرێژایی 40 كیلۆمەتری سەر سنووری زنجیرە چیاكان زیاتر لە 20 بارەگای سەربازی درووستكردووە و ئاستەنگی بۆ هاونیشتمانیانی سەر سنوور درووستكردووە بەتایبەتی بۆ خاوەن ئاژەڵەکان، کە لە هاویندا دەچنە کوێستانەکانی سەر سنوور.

خدر رەسوڵ هاونیشتمانی دەڵێت "ساڵانە دەچووینە ئەو ناوچانەی ئێستا رەبایەیان لێ درووستكردووە و لەوێ‌ رێواس و كەنگەر و گژوگیاكانی بەهاریمان دەهێنا، بەڵام ئێستا مەڕدارەكانیش ناچنە سەر سنوور و رێگایان پێنادەن".

گوندنشینانی سەرسنوور ئاماژە بەوە دەدەن كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە ئاستی سنوور لەچاو ساڵانی رابردوو دابەزیوە و بارەگای سەربازی لەو ناوچانە درووستدەكات كە هاونیشتمانیان بۆ راییكردنی كاروبارەكانیان رۆژانە سەردانیان دەكرد.

سیروان رەسول هاونیشتمانی دەڵێت "پێش 2003 لە سەر سنوور كشابۆوە و هیچ پایەگایەكی لێنەبوو، بەڵام دوای رووخانی سەدام دەستی بە درووستكردنی پایەگاكان كرد، لە دوای شەڕی پژاك و ئێرانیش زیاتر سنوورەكان تووندكران".

بەشێكی زۆری گوندنشینانی سەر سنوور بە كاری قاچاغچیەتی و مەڕداری سەرقاڵن و ئێستا بەهۆی زۆریی بارەگا سەربازییەكان ناتوانن بچنە ئەو ناوچانە، چونكە رووبەرووی تەقەلێكردنی سەربازەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبنەوە، لەساڵانی رابردوو لەنێوان دانیشتووانی گوندەكانی سنووری هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ سنوورێك نەبووە و بەم هۆیەشەوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان بەهێز بوون، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆریی بارەگا سەربازییەكان  ئەوانیش رووبەرووی گرفتی سەردان و هاتووچۆ هاتوون.

درووستكردنی ئەم بارەگا سەربازییانە بەمەبەستی پاراستنی سنووری كۆماری ئیسلامی ئێرانە لە گەریلاكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)، هەروەها بەپێی ئەو میلە مەرزیانەی كە سنووری كۆماری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان جیادەكەنەوە، ئێران سنووری نەبەزاندووە و گەڕاوەتەوە ئەو ناوچانەی كە ساڵانی رابردوو جێی هێشتبوون.