گوتاری سەرکردەکان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفا
رووداو- هەولێر
مەراسیمی بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی شەممە 20-5-2017 لە گردی زەرگەتە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانیان و سەرۆک و سەرکردەی حیزبە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا هەریەک لە شۆڕش حاجی، حاکم قادر، عەممار حەکیم، سەڵاحەددین بەهائەدین و عەلی باپیر، پەیامی حیزبەکانیان خوێندەوە و باسیان لە کەسایەتیی و مێژووی ژیانی ئەو سەرکردەیەی کورد کرد، کە رۆژی هەیینی 19-5-2017 لە ماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.
شۆڕش حاجی: لەجاران سوورتر دەبین
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی بەیاننامەی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن شۆڕش حاجی، گوتەبێژی ئەو بزووتنەوەیە دەستیپێکرد و، رایگەیاند "به گیانلەدەستدانی كاك نهوشیروان گهلهكهمان خهسارهتێكی گهورهی لێكهوت، چونكه كاك نهوشیروان به تهنیا موڵكی حزبێك یان رێكخراوێك نهبوو، بهڵكو ههموو ژیانی بۆ گهلهكهی تهرخان كردبوو".
شۆڕش حاجی هەروەها گوتی "جەخت لەسەر ئەو گوتەیەی خودی كاك نەوشیروان دەكەینەوە كە هەمیشە دەیگوت: من ئەوەی کردوومە و دەیکەم تەنیا قەرزی نیشتیمانیی و نەتەوەیی و ئینسانی گەلەكەمە دەیدەمەوە. لەسەر ئەم بنەمایەش بەڵێن دەدەین لە جاران سوورتربین بۆ بەدیهێنانی ئەو پەیام و بەها بەرزانەی کاک نەوشیروان، لە ژیانیدا خەباتی بۆ دەكردن و هەرگیز سازشیان لەسەر ناكەین".
حاکم قادر: هیوامان ئەوەیە خەونەکەی بهێننەدی
حاکم قادر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گوتارێکدا لە مەراسیمەکە گوتی "لەسەر گوڵکۆی کاکە نەوە هیوامان ئەوەیە خەونەکەی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانمان بهێننەدی، تادەگاتە یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان".
نوێنەرەکەی یەکێکی لەو مەراسیمەدا هەروەها باسی ژیانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و جەختی کردەوە لەوەی "نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری هەنگاو بە هەنگاوی راپەڕینی گەلی کوردستان بووە".
سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعە، ئەمڕۆ شەممە 20-5-2017 لە بەغداوە گەیشتە سلێمانی و بەشداری لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا کرد.
عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانیی شیعە لە مەراسیمی ناشتنەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و بەزمانی کوردی گوتی "نەوشیروان مستەفا نامرێت"، هەروەها باسی لەوە کرد" نەوشیروان مستەفا خاوەن کەسایەتییەکی گەورە بوو، ژیانی خۆی کردە قوربانی و دەیان ساڵ تێکۆشانی کرد بۆ ئەوەی ئازادی، سەربەرزی و سەرفرازی بۆ کوردستان و عێراق دەستەبەر بکات".
سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی گوتاری یەکگرتووی ئیسلامیی لە مەراسیمی ناشتنی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پێشکەش کرد و رایگەیاند "هەموو کەس بۆ کاک نەوشیروان بەخەمە و، کەسێکی گەورەمان لەدەستداوە".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەڵاحەدین بەهائەدین جەختی کردەوە لەوەی "ئێمە نەهاتووین موزایەدە بکەین، بەڵکو هاتووین بەشداری خەمتان بین، رێز لە فرمێسک و هەڵوێستی ئێوە بگرین، ئەمەش رەوشتی کاک نەوشیروان بوو کە رێزی لە میوان دەگرت".
عەلی باپیر: با ماڵئاواییەکەی نەوشیروان مستەفا بکەیەنە دەرفەتێک بۆ ئاشتەوایی
گوتاری کۆمەڵ لە مەراسیمەکە لەلایەن عەلی باپیر، کەسی یەکەمی ئەو حیزبە خوێنرایەوە و گوتی "هەرچەندە ئەمڕۆ ماڵئاواییمان لە نەوشیروان مستەفا کرد، بەڵام بە بۆچوون و مەبدەئەکانی لەنێوماندا زیندووە... رۆحی ئەو بەوە شاد دەبێت، کە ئەو مەبدەئانەی لەسەریان رۆیشت و باجی بۆ دان، زیندوو بمێننەوە و شوێنکەوتووانی لەسەریان بڕۆن".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند "بەداخەوە نەخۆشییەکەی کاک نەوشیروانمان نەکردە هەلێک بۆ ئاشتەوایی، هەرچەندە من زۆرم پێشنیاز کرد، بۆیە با ماڵئاواییەکەی لەم دونیایە بکەینە دەرفەتێک بۆ ئاشتەوایی، تەبایی و یەکڕیزی، چونکە بەبێ یەکڕیزی نابینە هیچ".