ناکۆکی دەکەوێتە نێو پلاتفۆرمی نەتەوەیی کورد؛ بەشێک لە ئەندامانی جیابوونەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
تەنیا مانگ و نیوێک دوای راگەیاندنی لە باکووری کوردستان، پلاتفۆرمی نەتەوەیی کورد، کێشەی تێکەوت و نزیکەی 20 ئەندامی جیابوونەوەی خۆیان راگەیاندووە. ئەندامێکی پلاتفۆرمەکەش دەڵێت، هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "باڵێک ویستوویانە پلاتفۆرمەکە بکەنە پارتێکی سیاسی."
 
پلاتفۆرمی نەتەوەیی کورد کە یەکەم کۆنگرەی خۆی لە شاری ئامەد بەست، لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی شەپۆلێکی دەستلەکارکێشانەوە بووەوە. لیستی ناوی ئەو کەسانەی بڕیاری جیابوونەوەیان داوە بڵاوکراوەتەوە، کە ناوی 16 کەسایەتیی تێدایە و هۆکاری کشانەوەکەشیان بۆ "ناکۆکیی نێوخۆیی" گەڕاندووەتەوە.
 
وەڵات کلچئاسلان، ئەندامی پلاتفۆرمی نەتەوەیی کورد لە مێردین، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 15:00ی "رووداو" رایگەیاند، پلاتفۆرمەکە بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە دەستیپێکرد، بەڵام "قسەی ناکۆک هاتنە ئاراوە".
 
لەبارەی هۆکاری سەرەکیی کێشەکان، وەڵات کلچئاسلان گوتی: "لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر رەنگی جیاوازی کۆمەڵگەی کوردی تێدا بەشداربوون، بۆچوونەکانمان لە هەندێک بابەتدا جیاواز بوون. هەندێک لە ئەندامان بیریان لەوە دەکردەوە پلاتفۆرمەکە ببێتە پارتێکی سیاسی، بەڵام مەبەستی سەرەکیی پلاتفۆرمەکە دامەزراندنی پارت نەبوو، بەڵکو وەک پردێک بوو لەنێوان کوردانی جیهان و وڵاتدا."
 
سەبارەت بەوەی ئایا مەترسیی هەڵوەشاندنەوە لەسەر پلاتفۆرمەکە هەیە، ئەو ئەندامەی پلاتفۆرمەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵدەدەن کێشەکان چارەسەر بکەن و وەڵات کلچئاسلان گوتی: "ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین هەردوو لا جارێکی دیکە کۆببنەوە و دیالۆگ دروست ببێتەوە. هیوادارم ئەو کەسانەی جیابوونەتەوە بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان."
 
وەڵات کلچئاسلان رەتیکردەوە کە پلاتفۆرمەکە کارەکانی پەککەوتبێت و جەختی کردەوە کە گرووپەکانی کولتوور، زمان و کۆمیسیۆنەکانی دیکە لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، هەرچەندە دانی بەوەدا نا، کە بەهۆی ئەم ناکۆکییانەوە "کارەکان تاوەکو رادەیەک وەستان".
 
سەبارەت بە ئەگەری راگەیاندنی پارتێکی نوێ، وەڵات کلچئاسلان گوتی: "نە بڕیاری کۆنفرانس و نە بڕیاری ئەنجوومەنە کە بڵێن پارتێک هەیە، ئەوە تەنیا بیرۆکەی کەسیی هەندێک لە هاوڕێیان بووە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە پارتە سیاسییەکانی ئێستای کورد کۆبکەینەوە و یەکڕیزییەک دروست بکەین، نەک پارتێکی نوێ زیاد بکەین."
 
پلاتفۆرمی نەتەوەیی کورد لە سەرەتای دامەزراندنی لە 51 کەس پێکهاتبوو، بە گوتەی کلچئاسلان، هەرچەندە کشانەوە هەبووە بەڵام کەسانی نوێش پەیوەندییان بە پلاتفۆرمەکەوە کردووە.