خێزانی کاردۆ جاف تۆمەتەکانی بی بی سی رەتدەکەنەوە: کوڕەکەمان نانەوایە نەک قاچاخچی

رووداو دیجیتاڵ

ئاشکراکردنی ناسنامەی گەنجێکی خەڵکی رانیە لەلایەن تۆڕی میدیایی (BBC) وەک "گەورە قاچاخچییەکی مرۆڤ"، کاردانەوەی جیهانیی لێدەکەوێتەوە. خێزانی ئەو گەنجە لە رێگەی "رووداو"ـەوە تەواوی تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە و دەڵێن: "کاردۆ کرێکارێکی سادەیە و بە پەلەپەل خۆی رادەستی ئاسایش کردووە بۆ ئەوەی بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێت."
 
بەپێی بەدواداچوونێکی پۆدکاستی (Intrigue: To Catch A King)ی بی بی سی، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ بە ناوی کاردۆ جاف (ناسراو بە کاردۆ رانیە)، وەک یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی تۆڕێکی قاچاخچییەتی مرۆڤ ناوی هێنراوە کە کۆنتڕۆڵی زۆربەی گەشتە نایاساییەکانی "کاناڵی مانش"یان کردووە بەرەو بەریتانیا.
 

 

 

باوک و دایکی کاردۆ لە رانیەوە قسەیان بۆ رووداو کرد. حەمەدئەمین عەبدولڕەحمان، باوکی کاردۆ کە میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ی رووداو بوو، رایگەیاند: "کاتێک هەواڵەکەی بی بی سیمان بینی، بە کاردۆم گوت ئاسایش بەدواتدا دەگەڕێت، ئەویش چوارشەممەی رابردوو خۆی رادەستی ئاسایشی رانیە کرد و ئێستا لە سلێمانی دەستبەسەرە."
 
باوکی کاردۆ بە پێکەنینەوە باسی لە دۆخی دارایی خۆیان کرد وەک بەڵگەیەک بۆ بێتاوانیی کوڕەکەی و گوتی: "من بەم تەمەنەوە دەچم گیای بەهارە لە کوێستانەکان دەهێنم و دەیفرۆشم. ئۆتۆمبێلێکی پیکاپی مۆدێل 2001م هەیە و ماتۆڕسکیلێکی 120 هەزار دیناریم بۆ کاردۆ کڕیوە؛ ئەگەر ئەو قاچاخچییەکی ملیۆن دۆلاری بووایە، ئۆتۆمبێلێکی نوێی بۆ نەدەکڕیم؟"
 
خونچە عەلی، دایکی کاردۆ دەڵێت کوڕەکەی قەت نەچووەتە فەرەنسا و بەریتانیا. ئەو بە رووداوی گوت: "ئەو رۆژەی هەواڵەکە بڵاوبووەوە ئەو لەسەر کار بوو لە فڕن، کاتێک هاتەوە پێیگوتم: دایە ئەم هەواڵانە درۆن. ئەگەر کوڕەکەم چوار ساڵ لە فەرەنسا بووایە، ئێمە ئاگامان لێی نەدەبوو؟ ئەو راستەوخۆ دوای کارەکەی دەهاتەوە بۆ ماڵەوە."
 

 

 

دایکی کاردۆ بۆ سەلماندنی هەژارییان ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک پێشتر ماڵیان سووتا، بە هاوکاریی و کۆمەکی دراوسێکان توانیویانە چاکی بکەنەوە.
 
تۆمەتەکەی بی بی سی چییە؟ 
 
رۆژنامەڤانانی بی بی سی، "سو میتچڵ" و "رۆب لۆری"، دەڵێن وەک کڕیار قسەیان لەگەڵ کەسێک بە ناوی "کاردۆ" کردووە و ئەویش نرخی 160 هەزار پاوەندی (نزیکەی 200 هەزار دۆلار) بۆ هێنانی خێزانێک بە گەشتی ئاسمانیی "VIP" بۆ مانچستەر داوا کردووە.
 
باوکی کاردۆ دەڵێت، کوڕەکەی پار وەک هەر گەنجێکی دیکە ویستوویەتی کۆچ بکات و نەیتوانیوە: "من بۆ خۆم 10 هەزار دۆلارم بە قەرز هێنا تاوەکو کاردۆ بچێتە ئەورووپا. پار چووە تونس و لەوێ دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە، ئێستاش قەرزەکەم نەداوەتەوە."
 
کاردۆ جاف لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکرا. هاوکات ئاژانسی نیشتمانیی تاوانەکانی بەریتانیا (NCA) پشتڕاستی کردەوە کە گومانلێکراوێکی سەرەکی لە 13ی ئایاردا لە
هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە.
 
خێزانی کاردۆ داوا دەکەن دەزگا میدیاییەکان بچنە نێو بازاڕی رانیە و لێکۆڵینەوە لە ژیانی کوڕەکەیان بکەن، چونکە پێیانوایە قاچاخچییە راستییەکان "ناوی کاردۆ"یان وەک ناوێکی خوازراو بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە. ئێستا لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش و لایەنە بەریتانییەکان لەم دۆسیەیە بەردەوامن.