تازە زاوایەک و هەرزەکارێک لەنێو قوربانییانی شکانی ئاسانسوارەکەی دهۆکن
رووداو دیجیتاڵ
لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "کازابلانکا" لە شاری دهۆک، چوار کرێکاری گەنج گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو، دوای ئەوەی ئاسانسوارێکی کاتیی بیناسازی لە نهۆمی شەشەمەوە شکا و کەوتنە خوارەوە. رووداوەکە مشتومڕێکی زۆری لە بارەی رێکارەکانی سەلامەتیی پیشەیی لە پڕۆژەکانی بیناسازیدا دروستکردووە.
نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئایاری 2026، لەکاتێکدا پێنج کرێکار دەیانویست بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لەڕێگەی ئاسانسوارێکی کاتییەوە لە نهۆمی شەشەمی باڵەخانەیەکەوە بێنە خوارەوە، ئاسانسوارەکە "بەرگەی کێشیان"ـی نەگرت و پچڕا. لە ئەنجامدا، چوار لە کرێکارەکان کەوتنە خوارەوە و دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا. کرێکاری پێنجەم، توانی خۆی بە پەنجەرەیەکدا هەڵبواسێت و لە مردن رزگاری بوو، هەرچەندە بە سەختی بریندار بووە، بەڵام بە گوتەی پەیامنێری رووداو، تەندروستیی جێگیرە.
قوربانییەکان هەموویان گەنج و خەڵکی دهۆکن: (سیزار شڤان، 26 ساڵ)، (ئومێد حەسەن، 17 ساڵ)، (زیاد ئیبراهیم، 25 ساڵ) و (رەیان سەفەر، 25 ساڵ).
ئومێد حەسەن، تەمەن 17 ساڵ، یەکەم رۆژی کارکردنی بوو. بەپێی گوتەی پارێزەری کۆمپانیاکە، باوکی ئومێد کە لە هەمان پڕۆژەدا، بەڵام لای بەڵێندەرێکی دیکە کاری دەکرد، کوڕەکەی هێنابووە سەر کار و داوای کردبوو بیخەنە سەر کار، چونکە "لە ماڵەوە ناحەوێتەوە."
رەیان سەفەر، یەکێکی دیکە لەو کرێکارانەی لە رووداوەکە گیانی لەدەستدا، تەنیا مانگێک بوو هاوسەرگیریی کردبوو. کامەران حەسەن، خاڵی رەیان، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکیشی دەکات، گوتی: "رەیان تەنیا یەک هەفتە بوو لەو پڕۆژەیە کاری دەکرد و بڕیاربوو کاری سووکی پێبسپێردرێت، نەک بچێتە ناو ئەو ئاسانسۆرە و کاری قورس بکات."
سەربەست جەمال، یەکێک لە کرێکارانی پڕۆژەکە کە شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، لە (بەرپرسیار) ئاماژەی بەوەدا کە هیچ تۆڕێکی سەلامەتی لەژێر ئاسانسوارەکەدا نەبووە و کرێکارەکانیش خۆیان بە کێبڵی خۆپارێزییەوە نەبەستبووەوە. سەربەست جەمال دەڵێت، "ئاسنی ئاسانسوارەکە تەنک و لاواز بوو، لە هیچ شوێنێکیش رێنمایی نەنووسرابوو کە چەند کەس دەتوانن سواری بن."
شەریف مزووری، پارێزەری کۆمپانیای جێبەجێکار بە رووداوی گوت، کە ئاسانسوارەکە بۆ هەڵگرتنی دوو کەس دروستکراوە، بەڵام پێنج کەس سواری ببوون.
کێ بەرپرسیارە؟ کۆمپانیا یان بەڵێندەر؟
کۆمپانیای جێبەجێکاری سەرەکیی پڕۆژەکە، تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی بەڵێندەر. پارێزەری کۆمپانیاکە دەڵێت، "ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ بەڵێندەر هەیە نەک کرێکاران. پێویست بوو بەڵێندەرەکە هەموو مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکارەکانی دابین بکات." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە لە گرێبەستەکەیاندا داوایان لە بەڵێندەرەکە کردووە کرێکاری خوار تەمەن 18 ساڵ دانەمەزرێنێت.
کیڤی بامەرنی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، لە (بەرپرسیار) رەخنەی لە حکومەت و کۆمپانیاکان گرت و پرسی،"حکومەت پڕۆژە دەداتە کۆمپانیا یان بەڵێندەر؟ حکومەت کۆمپانیا دەناسێت نەک بەڵێندەر." ئەو پێیوایە کرێکار و کۆمپانیاکە بەرپرسیارن.
دوای رووداوەکە، دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ سێ کەس دەرکردووە کە بریتین لە بەڵێندەرەکە، ئەندازیاری پڕۆژەکە و کەسێکی دیکە کە تاوەکو ئامادەکردنی ئەو هەواڵە 'نەزانراوە کەسی سێیەم کێیە'.
عەبدولکەریم حەماد، بەڕێوەبەری کار لە پارێزگای دهۆک، لە (بەرپرسیار) گوتی، کە لیژنەکانیان دوو مانگ پێش ئێستا سەردانی پڕۆژەکەیان کردووە و "هیچ کێشەیەک نەبووە." گوتیشی، زۆربەی کات کێشەی لەم جۆرە "بە کۆمەڵایەتی" چارەسەر دەکرێن و سکاڵاکاران لە سکاڵاکانیان خۆش دەبن.
لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی شکانی ئاسانسوارەکە و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمان، لەکاتێکدا خێزانی قوربانییەکان چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت.