یەكێتی ئەوروپا نووسینگەیەك لە هەولێر دەكاتەوە
رووداو- هەولێر
جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا نووسینگەیەک لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
دیندار زێباری، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا یەكێتی ئەوروپا نووسینگەیەك لە هەولێر دەكاتەوە ، بۆ ئەوەی چاودێری بارودۆخی ئەو پەنابەرانە بكات كە لە هەرێمی كوردستانن.
زێباری رەخنەی تووندی لە حكومەتی عێراق گرت، كە تاوەكو ئێستا هەوڵی جددی بۆ هاوكاری پەنابەرەكانی مووسڵ و پارێزگاكانی ناوەراستی عێراقی نەداوە، کە روویان لە هەرێمی كوردستان کردووە، "پابەندبوونی حكومەتی عێراق بۆ سوننەكان و ئەو ناوچانەی لێیدەردەچن، نایبینین".
جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند ، "لە كاتی دامەزراندنی ژووری عەمەلیات بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ، بڕیاردرا بڕی 10 ملیۆن دۆلار لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە خەرجبكرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دابیننەكراوە ، هەروەها هەر بنەماڵەیەك بڕی 300 هەزار دیناری عێراقی پێبدرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە سیستەمی تۆماركردن هەیە ،ئەمەش كاتی دەوێت بۆیە دواكەتووە".
سەبارەت بە یارمەتی وڵاتان بۆ ئەو پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستانن، زێباری ئاشكرایكرد ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕی 12 ملیۆن دۆلاری لە رێگای نەتەوە یەكگرتووەكان دابینكردووە ، وڵاتی قەتەریش دوێنێ یەكەم فڕۆكەی بارهەڵگری هاوكاری بۆ پەناهەندەكان نارد، بۆ ئەو پەنابەرانەی كە لە پارێزگای دهۆكیشن وڵاتی توركیا هاوكاری پێشكەشكردوون.
سەبارەت بە یارمەتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو پەنابەرانە، زێباری رایگەیاند، ئەوان هیچ بودجەیەكیان نییە ، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی خۆیان یارمەتییان دەدەن.
نزیكەی 300 هەزار ئاوارە لە شارەكانی مووسڵ ، تكریت ، دیالە و سەڵاحەدینەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.