لە بانە دوو کۆڵبەر بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
دوو کۆڵبەری دانیشتووی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 19-06-2023 لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵی بانە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە، بەو هۆیەوە دوو کۆڵبەر بریندار بوون.
دوو کۆڵبەرەکە بە مەبەستی چارەسەرکردنیان گواسترانەتەوە نەخۆشخانەکانی شاری بانە.
دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان و تەنانەت هەندێ لە خەڵکی شارەکانی دوورتر لە سنووریش لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان، کۆڵبەری دەکەن.
حکومەت هاتووچۆی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان بە نایاسایی دەزانێت. لە ساڵی 2017ـەوە بازاڕچە سنوورییەکانی داخستووە و کۆڵبەری قەدەخە کردووە.
بەپێی ئامارێکی نافەرمیی رێکخراوەکانی تایبەت بە پرسی کۆڵبەران، ساڵی رابردوو 39 کۆڵبەر کوژراون و 195کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.