مەسرور بارزانی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە هێنا و گەیشتەوە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەر هەمان رۆژ گەڕایەوە هەولێر.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و "لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی و هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی نوێی تورکیا خواست".
لە کۆبوونەوەکەدا کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادە بوو، "بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێ کران". ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ھاریکاری و هاوئاهەنگیی لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە تویتێکدا نووسی، "ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری توركیا كۆبوومهوه و پیرۆزبایم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی کە "گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە كرد."
ئێوارەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گەیشتەوە هەولێر.