قوتابییەک لە شرناخ بۆ تاقیکردنەوە لە ماڵ دەرچووە و 4 رۆژە بێسەروشوێنە


رووداو دیجیتاڵ

قوتابییەکی تەمەن 19 ساڵ لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان کە بۆ بەشداریی لە تاقیکردنەوەی وەرگیران لە زانکۆ لە ماڵ دەرچووە، چوار رۆژە بێسەروشوێنە.
 
ئەو قوتابییە ناوی حوسێن یۆنجوزە و دانیشتووی گوندی سولاک-ە لە شارۆچکەی ئیدیلی سەر بە پارێزگای شرناخ، بەڵام شوێنی تاقیکردنەوەی لە ناوەندی پارێزگای شرناخ بووە و بۆ ئەو مەبەستە ویستوویەتی ئەم ماوەیە لای ماڵی خوشکێکی لە شرناخ بمێنێتەوە. 
 
رۆژی هەینی، 16-6-2023 گوتوویەتی دەڕواتە تاقیکردنەوەی YKS کە قوتابیان بەر لە وەرگیرانیان لە زانکۆکان دەبێت نمرەی پێویستی تێدا بهێنن. حوسێن لەوکاتەوە نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە و هیچ کەسێکیش سۆراخی نازانێت.
 
خانەوادەی یۆنجوز ماوەی چوار رۆژە بە هاوکاریی تیمەکانی پۆلیسی شرناخ، بەدوای سۆراخی کوڕەکەیاندا دەگەڕێن. تائێستا هیچ زانیارییەکیان دەستنەکەوتووە.  
 
محەممەد یۆنجوز، برای حوسێن دەڵێت، براکەی لە ئیدیلەوە بەڕێکەوتووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ناوەندی شرناخ. ئەو پێیوایە براکەی "رفێندراوە."