هەوڵدەدرێ مەریوان وەک شاری جیهانی چنینی کڵاش بناسرێت

رووداو- مەریوان

پارێزگاری سنە رایگەیاند، بۆ ئەوەی مەریوان وەک شاری جیهانی چنینی کڵاش تۆماربکرێ، هەر هەوڵێک پێویست بێت دەیدەن و هەموو بەرپرسانی پارێزگای سنە لەوبارەیەوە ئامادەن هاوکاری بکەن.

عەبدولمحەممەد زاهیدی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجومەنی جیهانی پیشەسازییە دەستییەکاندا گوتی "بۆ بەڕێوەچوونی فێستڤاڵ و مێهرەجانە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بە کڵاش و چنینی کڵاش لە شاری مەریوان پلان دادەنرێ و پشتگیریش دەکرێن".

زاهیدی دەڵێت، مەریوان زۆر لەو هۆکارانەی هەیە کە بۆ بوون بە شارێکی جیهانی پێویستن.

لە مەریواندا دوو هەزار و 663 کڵاشچن هەن و بەگوتەی بەڕێوەبەری میراتی کولتووری و پیشەسازییە دەستییەکانی پارێزگای سنە، هیچ شارێک هێندەی مەریوان کڵاش چنی نییە.

لە چەند رۆژی رابردوودا تیمێکی تایبەتی یونسکۆ بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەسەر مەریوان وەک شاری جیهانی کڵاش چنین سەردانی مەریوانیان کردووە.

ئەوان سەردانی کارگە، دووکان، ناوەندەکانی فێرکاری چنینی کڵاش و ناوەندەکانی کڵاش چنینیان کرد.

هەوڵەکان بۆ تۆماری جیهانی مەریوان وەک شاری کڵاش چنین لە ساڵی 2015ەوە دەستیپێکرد و ئەوکات هەوڵدرا شاری سنەش وەک شاری هونەرە دارینەکان تۆمار بکرێ.

ئێران هەموو ساڵێک دوو پشکی هەیە کە بە ئەنجوومەنی جیهانی پیشەسازییە دەستییەکان بناسێنرێن و تۆماری جیهانی بکرێن.

داڕشتنەوە: حەکیم داود