لە قەڵادزێ نارنجۆکێک فڕێدەدرێتە ماڵی پۆلیسێک
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە قەڵادزێ نارنجۆکێک فڕێدراوەتە ماڵی پۆلیسێک لە قەڵادزێ، بەڵام زیانی نەبووە.
رائید شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی و ماددی نەبووە. پۆلیسەکە خۆی و خانەوادەکەی سەلامەتن و ماڵیشی سەلامەتە".
نارنجۆکەکە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە فڕێدراوەتە ماڵەکەوە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، پێدەچێت کەسەکە ماتۆرسکیلی پێبووبێت.
هۆکاری رووداوەکە هێشتا نادیارە، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەکرد کارمەندەکەی پۆلیس هیچ کێشە و ناخۆشییەکی لەگەڵ کەسدا نەبووە بۆیە پێشبینی دەکەن رووداوەکە پەیوەندی بە کارەکەیەوە نەبێت وەکو پۆلیس.
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، سوود لە کامێرای چاودێری و شایەدحاڵ وەرگیراوە. شارەزای تەقەمەنی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان کە شارەزای تەقەمەنی کردوویەتی، دەرکەوتووە نارنجۆکەکە نارنجۆکی دەنگیی بووە و تەنیا دەنگی هەبووە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەمە یەکەم جارە لە سنووری راپەڕین نارنجۆک فڕێدەدرێتە ماڵی کارمەندێکی پۆلیس، بەڵام پێشتر رووداوی لەو شێوەیە هەبووە کە نارنجۆک فڕێدراوەتە ماڵی هاونیشتمانی.