شاندێکی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە تیمی یەکێتی و پارتی لە وەزارتی پێشمەرگە و نوێنەرانی یەکەکانی 70 و 80ی هەردوولا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کۆبوونەوە. بڕیاریشە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای ئەمریکا، کە لە وەزارەتی بەرگری و دەرەوە پێکهاتوون بۆ مەبەستی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک بابەتی دیکە، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کە لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی وەرگرتووە، رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارتی پێشمەرگە، نوێنەرانی یەکەکانی 70ی یەکێتی و 80ی پارتیی هێزی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش کۆبوونەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە کێشەکانی نێوان هەردوولا لە وەزارەتی پێشمەرگە سفر بکرێنەوە و گرژییەکانی یەکێتی و پارتی لە حکومەت کاریگەرییان لەسەر وەزارەتەکە و هەردوو تیمەکە نەبێت، هەروەها بڕیارەکانی پێشتر کە یەکێتی لێیان نیگەران بوو، بەتایبەت نەهێشتنی سیستمی 50 بە 50 و خشتەی دابەشکردنی ئەفسەران رابگیرێن و جێبەجێ نەکرێن.
بەڵام لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە بۆ کاروباری ئیدارە و میری رەتیکردەوە، کار بە سیستمی 50% بە 50% بکرێت و بە رووداوی گوت، "50 بە 50 هەڵوەشاوەتەوە، کار بە 57% بە 43% دەکرێت، ئەو بڕیارە وەکو خۆیەتی و راشیناگرین، رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی لەسەره."
سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعش ئاماژەیان بەوەش کردووە کە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.
لەبارەی گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بۆ دەوامکردن لە وەزارەتەکەی، کە ماوەی 10 مانگ دەبێت بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانی حیزبەکەیەوە دەوام ناکات، سەرچاوەکەی رووداو ئەوەی خستەڕوو، "هیچ شتێکی نوێ نییە، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەگەڵ گەڕانەوەن و تەنیا بافڵ تاڵەبانی ماوە، ئەویش هێشتا بڕیاری نەداوە."
عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کە لە پشکی پارتییە، رۆژی 11ـی ئەم مانگە فەرمانێکی وەزاریی بە ژمارە (ئـ/ت/11417) دەرکردووە و تێیدا ئاماژەی بۆ کۆبوونەوەی رۆژی 4ی حوزەیرانی 2023 کردووە، کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و چەند راسپاردەیەکی دەرکردووە کە یەکێکیان ئەوە بوو، "ئێستا و بۆ داهاتوو دیاردەی دابەشکاریی 50 بە 50 لە رووی کەسی، لۆجستی، کارگێڕی و دارایی کاری پێناکرێت، لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەکی لە یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە."
ئەو بڕیارە تیمی یەکێتیی نیگەران کرد و لە رێگەی ئەمینداری گشتیی وەزارەتەکەوە، کە لە پشکی یەکێتییە، نووسراوێکی ئاراستەی بریکاری وەزارەتەکە کردبوو و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی راگەیاندبوو.
هەروەها رۆژی سێشەممە 4ی تەممووزی 2023 فەرمانێکی وەزاری لەلایەن عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کە لەبری شۆڕش ئیسماعیل واژۆی کردووە، تایبەت بە "خشتەی روکن" دەرکراوە و تێیدا ئاماژە بە دابەشکردنی پلەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتی کراوە.
یەکێتی لەبارەی هەردوو بڕیارەکەوە، کە پێیوایە دابەشکردنەوەی پۆستەکانی وەزارەتەکە لەسەر بنچینەی 57% بۆ پارتی و 43% بۆ یەکێتی پێچەوانەی پێشتر کە 50 بە 50 بوو، نیگەران بووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا مۆڵەتی دابوو تاوەکو کۆبوونەوەکەی چوارشەممە 19-07-2023 تیمەکەی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بێت، ئەگەرنا لە وەزارەتەکە دەکشێنەوە.
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن، کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن.
وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 44 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.