300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەگاتە کفری
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی تەممووزی 2023، بڕی 300 ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی پەروەردەی گەرمیان بکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانەی سنووری قەزای کفری. دەشڵێت، "دەرخستە و داواکاریمان بۆ دروستکردنی چوار قوتابخانەش لە قەزای کفری کردووە."
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە قوتابخانەکانی قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ "بڕی 300 ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بگاتە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گەرمیان بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانەی سنووری قەزای کفری و یەکسەر لیژنەی بۆ دروستدەکەین و لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان گوتیشی، "ئەو پارەیە بۆ ئەو قوتابخانانە پێشتر دەرخستەی بۆ کراوە و هەموو شت ئامادەیە، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە کارەکان جێبەجێ دەکرێن، هەر قوتابخانەیەکیش بەپێی پێویستی، پارەی بۆ تەرخاندەکرێت، واتە پارەکە بە یەکسانی بەسەر قوتابخانەکان دابەش ناکرێت، قوتابخانە هەیە پارەی زیاتری دەوێت لە یەکێکی دیکە."
دارا ئەحمەد باسی لەوەش کرد، نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە، بەتایبەت بۆ ئەو قوتابخانانەی کۆنن، کاریگەریی لەسەر رەوشی پەروەدە و شیاویی زیاتری قوتابخانەکان دەبێت.
رۆژی سێشەممە 18-07-2023 ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە خەرجکردنی بڕی 300 ملیۆن دینار وەک هەنگاوی یەکەم بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانە لە قەزای کفری، رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 پارەکە بە نەختینەیی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی گەرمیان دەکەین."
بەشێک لە دانیشتووانی کفری ماوەی 10 رۆژ دەبێت بۆ کۆمەڵێک داواکاری مانیان گرتووە، لەوانە رەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتووانی قەزاکە، پڕۆژەی خزمەتگوزاری، دامەزراندنی گەنجان، وەبەرهێنان لە قەزاکە و تەواوکردنی پڕۆژەکانی رێگەوبان و سوودمەندبوونی شارەکە لە سامانە سرووشتییەکان.
کفری یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی گەرمیان و کوردستان، خاوەنی مێژوویەکی دێرین و سامان و سەرچاوەیەکی گەورەی سرووشتی و کەلەپوورییە، لەو قەزایە کە لەساڵی 1921ەوە کراوە بە قەزا نزیکەی 70 هەزار کەس دەژین، کە پێکدێن لە کورد و تورکمان و عەرەب.