لە ئامەد لە خوانی ئاشتبوونەوەی دوو ماڵباتی دوژمندار کەسێک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە خوانی ئاشتەوایی نێوان دوو ماڵباتی ئامەدی باکووری کوردستان، دووبارە شەڕ هەڵگیرسایەوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و 11ی دیکەس برینداربوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 20-8-2023 لە شارۆچکەی بیسمیل-ی سەر بە پارێزگای ئامەد روویدا. ئەو دوو ماڵباتە کە پێشتر بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی شەڕ و ناکۆکی لە نێوانیاندا دروستبوو، لەڕێی هەوڵی چەند کەسێکەوە لە یەکدی نزیککرانەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە خوانێکی ئاشتەواییدا، بە تەواوی ئاشت بکرێنەوە. ئەوە بوو لە کاتی کۆبوونەوەکەدا چەند ئەندامێکی هەردوولا لێیان بووە شەڕ و دەمەقاڵێ و تەقە کرا.
لە ئەنجامدا بەشێک لە ئەندامانی هەردوو ماڵبات تەقەیان کرد. لە شەڕەکەدا 12 کەس بریندار بوون. یەکێک لە بریندارەکان بە ناوی ئاردا کە تەمەنی 18 ساڵ بوو، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی دیجلە لە ئامەد، گیانی لەدەستدا. 11 بریندارەکەش لە ژێر چاودێریی پزیشکدان.
عەلی ئیحسان سو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند، ئەو شەڕە لە کاتی ئاشتکردنەوەی دوو ماڵبات بووە و هێزەکانی ئاسایش دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە بابەتەکە کرد.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت، ساڵی 2022 لە 3 هەزار و 984 رووداوی شەڕدا لە باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لە ئاکامدا دوو هەزار و 278 کەس کوژراون و چوار هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئایهان ئاکجان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای ئوموت جەختی لەسەر زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەت لە تورکیا و باکووری کوردستان کردەوە و گوتی: "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، نۆ چەکی بێ مۆڵەت هەن. بە گشتی لە وڵاتەکەماندا چوار ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەن. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەیە کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە".
دەزگای ئوموت جگە لە ئامارەکان، هۆشداریش لە زیادبوونی ژمارەی چەک لە تورکیا دەدات. بەگوێرەی راپۆرتەکە لە باکووری کوردستان و تورکیادا رۆژانە 10 کەس گیان لەدەستدەدەن و 20ی دیکەش بریندار دەبن. ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هەزار کەس.