ژنێک جامی 21 ئۆتۆمبێل دەشکێنێت و بە پۆلیس دەڵێت 'بە هەڵە پارک کراون'

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتی بانگی بەیانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، ژنێک لە رووهای باکووری کوردستان جامی 21 ئۆتۆمبێلی دانە دانە شکاندووە؛ بەشێک لە شایەتحاڵەکان دەڵێن، ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە، بەڵام هێشتا پۆلیس ئەو زانیارییانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
 
بە گوتەی شایەتحاڵەکان، ئەو ژنە داردەستێکی لابووە و دانە دانە جامی 21 ئۆتۆمبێلی راگیراوی شکاندووە. ژنەکە خەڵکی سووریایە و لە رووهای باکووری کوردستان دەژی.
 
هاونیشتمانیان کە ئەو ژنەیان بەو جۆرە بینیوە، هەوڵی وەستاندنیان داوە و هەواڵیشیان بە پۆلیس داوە، دواتر پۆلیس چووتە شوێنی رووداوەکە و ژنەکەی دەستگیرکردووە.
 
ژنەکە بە پۆلیسەکانی گوتووە، کارێکی هەڵەی نەکردووە و ئەو ئۆتۆمبێلانە بە هەڵە پارک کراون؛ تیمەکانی پۆلیسیش پێیان گوتووە، "دەتوانیت لە بنکە باسی هەموو ئەمانە بکەیت".
 
ئەو ژنە جامی هەموو ئۆتۆمبێلە ریزکراوەکانی نەشکاندووە، بەڵکو بەپێی ئارەزووی خۆی، بۆ نموونە سێ ئۆتۆمبێلی دەستکارینەکردووە، بەڵام کێشاویەتی بە چوارەمیاندا و جامەکانی وردوخاش کردووە. خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانیش بە بینینی دیمەنی جامی شکاوی ئۆتۆمبێلەکانیان تووشی شۆک بوون.