پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە داوا دەکەن هەفتەی داهاتوو دەوامی قوتابخانەکان دەستپێبکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیەش ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوا دەکات رۆژی یەکشەممە دەست بەدەوام بکرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانیش دەڵێت، "یەکشەممە دەوام دەستپێدەکاتەوە و گشتاندنی بۆ دەکەین."
 
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان لەبارەی دەستپێکردنی خوێندن لە ناوەندەکانی ئیداری سەربەخۆی گەرمیان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە جێبەجێ دەکەین و گشتاندنی پێدەکەین بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن لە ئیدارەی گەرمیان دەستپێبکاتەوە."
 
قسەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە نووسراوی  ژمارە 24548 کە ئاراستەی پەروەردەکانی "رۆژئاوا، رۆژهەڵات، چەمچەماڵ، دووکان، قەرەداخ، شارەزوور، سەیدسادق، دەربەندیخان، شارباژێر، پێنجوێن"ـی کردووە، فەرمانی وەزاریی وەزارەتی پەروەردەی بۆ ناردوون  کە تایبەتە بە دەوامکردن و ژمارە 426ـی هەیە و لە رۆژی 19-10-2023 دەرچووە و دەڵێت: "بۆ کاری پێویست و پابەندبوون بە ناوەڕۆکەکەی."
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی 10 پەروەردە دەکات نووسراوی وەزیری پەروەردە تایبەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی جێببەجێ بکرێت و رۆژی یەکشەممە دەوام دەستپێبکاتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لەپاڵ پەروەردەکانی سلێمانی و گەرمیان و کۆیە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە دەست بە دەوام بکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، وەزارەتی پەروەردە فەرمانێکی وەزاری بە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامەوە دەرکرد و داوایکرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەست بە دەوام بکرێتەوە کە ماوەی زیاتر لە 35 رۆژ دەبێت لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و قەزای کۆیە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین نزیکەی 650 هەزار قوتابی بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە کە داوای دابەشکردنی مووچەکانیان دەکەن، دەوام دەستیپێنەکردووەتەوە.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "لەبەر بەرژوەندیی گشتی و پارێزگاری لە ساڵی خوێندنیی 2023-2024 لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەرین و قەزای کۆیە بڕیارماندا دەبێت رۆژی یەکشەممە 22ـی 10-2023 دەستەی کارگێری ناوەندەکانی خوێندنی (بەڕێوەبەر، یاریدەدەر) و مامۆستایان لە سنووری ئاماژەپێکراو پابەندبن بە دەوامکردن دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە."
 
بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە لەکاتێکدایە، مامۆستایانی ناڕازی و بەشێک لە وانەبێژان بڕیاریانداوە رۆژی یەکشەممە خۆپێشاندان بکەن و دەوام دەستپێنەکەنەوە و جگە لە مووچەکانیان داوا دەکەن ژمارەیەک داواکارییان بۆ جێبەجێ بکرێت.
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە. وانەبێژان داوای گرێبەست و بەشێکیان هەمیشەیی دەکەن و مامۆستایانی میلاک و فەرمانبەرانیش داوای مووچەی مانگەکانی هەشت، نۆ و 10 دەکەن.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.