ماڵپەڕی نوێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە کار
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەری نوێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەمزووانە دەکەوێتە کار کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری تێدا دەکرێت. جێگری بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەوڵ دەدەرێت زمانەکانی تورکی، فارسی و سریانیش بۆ ماڵپەڕەکە زیاد بکرێت.
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسان، میدیاکاران و نووسەران، رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ماڵپەڕی نوێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو کە بڕیارە بەمنزیکانە بکەوێتەکار.
رۆژی هەینی، 20-10-2023، جەواد قادر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ماڵپەڕی دیجیتاڵیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماڵپەڕی نوێدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە شێواز، تەكنیك و نێوەڕۆكی بەش و بابەتەكانی نێو ماڵپەڕەكە دەکرێن. ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی دیجیتاڵی فەرمییە بۆ گەیاندنی ئەو پەیام و زانیارییانەی کە گوزارشت لە روانگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن لەبارەی کۆی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە هاووڵاتی و فەرمانڕەواییەوە هەیە".
جەواد قادر گوتی، "ئەم ماڵپەڕە دوو جۆر زانیاری لەخۆدەگرێت. یەکەمیان، زانیاریی جێگیرە کە دەمێنێتەوە و هەموو کاتێک بۆ سەردانیکار لەبەردەست دەبێت. جۆری دووەمی زانیارییەکە زیاتر فۆرمی هەواڵی هەیە و پەیوەستە بە رووداوەکانی رۆژ، وەکو دیدار، گوتار، پەیام و لێدوانەکان".
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ماڵپەڕی دیجیتاڵیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە ماڵپەڕە نوێیەکەدا بەشی یاسا، بەڵگەنامە و دۆكیومێنتە سەرەكییەكان بەردەست دەبێت بۆ هەر توێژەر و سەردانیكەرێك ئەو زانیارییانەی بوێت. بەشی تایبەتیش بەردەستن بۆ وێنە هەواڵ، ڤیدیۆ و بابەتی دیكەی لەو جۆرە".
جەواد قادر باسی زیادکردنی ئەو زمانانەشی کرد کە لە داهاتوودا لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەبن و گوتی، "لە قۆناخەكانی داهاتووی ئەو پڕۆژەیەدا ئامانجمانە کە لەپاڵ ئەو زمان و زاراوانەی ئێستا لە ماڵپەڕەکەدا هەن (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی)، زمانی پێكهاتەكانی دیكەی کوردستان، لەوانە تورکمانی و سریانی زیاد بکەین. هەروەها هەوڵمان ئەوە دەبێت پەیام و زانیارییەکان بە دوو زمانی دیکەی گەورەی ناوچەکە کە تورکی و فارسین بگەیێنین. هەوڵ دەدەین ئەم ماڵپەڕە هاوشێوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان، چەترئاسا، كۆكەرەوە و فرە رەنگ بێت."
رۆژی 10-6-2019 لە رێوڕەسمێکی گەورە و بە ئامادەبوونی سەدان میوانی کوردستانی، عێراقی و جیهانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو. نێچیرڤان بارزانی دوو جێگری هەیە کە ئەوانیش جەعفەر شێخ مستەفا لە پشکی یەکێتی و مستەفا سەید قادر لە پشکی گۆڕان.