ئاری هەرسین: دەرگەمان بە رووی سەرجەم لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت کراوەیە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت، دوای هەڵبژاردن دەرگەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە رووی هەموو لایەنەکاندا کراوەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا لە سلێمانی گرفتێک تۆمارنەکراوە و پرۆسەی دەنگدان بە باشی بەڕێوەدەچێت. 
 
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، دوای دەنگدان لە سلێمانی، لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەوە قسەی بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و راگەیاند، ''کەموکوڕی هەر هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا و بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست من گەیشتوون، پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت.''  
 
لە دەنگدانی تایبەتدا کە رۆژی 18ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، هەندێک گرفتی وەک بردنەژوورەوەی مۆبایل بۆ نێو بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان هەبوو. ئاری هەرسین گوتی، ''ئەمڕۆ، تاوەکو ئێستا شتێکی لەو شێوەیەم نەبیستووە و هیچ گرفتێک تۆمار نەکراوە.'' 
 
بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "چاوەڕێ دەکەین دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بە فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە راگەیێندرا، لایەنەکان بە دەنگ ئەو بانگەشەیەی پارتییەوە بێن کە دەڵێت، دەرگەمان بە رووی هەموو لایەنێکدا کراوەیە بۆ ئەوەی پێکەوە بە زووترین کات حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی کاک مەسرور بارزانی پێکبهێنین.'' 
 
ئارسی هەرسین گوتیشی، ''هیوادارم هەموو خەڵکی کوردستان بە گوڕوتینێکی باشەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، چونکە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە.''