سەرۆک بارزانی: سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەرکەوتنی گەلی کوردستانە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، دەستخۆشی لە کۆمیسیۆن دەکات و دەشڵێت: "هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی هیوایەكی نوێ و قۆناخێكی تازە بەدیبهێنن كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت."
 
سەرۆک بارزانی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتنی گەلی کوردستان ناودەبات: "بە دڵنیاییەوە سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە سەركەوتنی گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانیەوە. بەم بۆنەوە سوپاس و پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەلی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەروەها سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەم." 
 
سەرۆک بارزانی هاوکات، هیوا دەخوازێت، ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی "هیوایەكی نوێ و  قۆناغێكی تازە بەدی بهێنێت كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: "لە کۆی 98٪ـی داتاکانمان؛ لە دهۆک رێژەی بەشداریی 78٪؛ هەولێر 74٪؛ سلێمانی 65٪ و هەڵەبجەش 69٪ بوو، کە بە کۆی گشتیی دەکاتە 72٪ـی بەشداریی کردن لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن."