لە 5 پارێزگای باکووری کوردستان باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی تورکیا، لە 5 پارێزگای باکووری کوردستان و 18 پارێزگای تورکیا باران دەبارێت. پێشبینی دەکرێت لە ناوچە بەرزاییەکانی دوو پارێزگای باکووری کوردستان بەفر ببارێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2025، کەشناسیی تورکیا هۆشداریی با و باهۆز و بارانی بەخوڕی لە پێنج پارێزگای باکووری کوردستان و 18 پارێزگای تورکیا داوە.
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، بەدلیس، شرنەخ و سێرت ـی باکووری کوردستان باران ببارێت و لە ناوچەکانی دیکە ئاسمان کەمێک هەور و ساماڵ بێت.
لە ناوچە بەرزاییەکانی پاڕیزگاکانی ئەرزەڕۆم و قەرس چاوەڕیی بارینی بەفر دەکرێت.
کەشناسیی تورکیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایانە لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و هەورە برووسکە و کێشەی هاتووچۆ، وریای خۆیان بن.