بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە "رۆژنامەڤانێک" لە دێرک گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان "رۆژنامەڤانێک" گیانی لەدەستدا و "رۆژنامەڤانێکی دیکەش" بریندار بوو.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2022 لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان پەیامنێرێکی "هاوار نیوز" بەناوی "عیسا عەبدوڵڵا" لەکاتی رووماڵکردنی هەواڵەکاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گیانی لەدەستدا، هەروەها پەیامنێرێکی "ستێرک TV" بە ناوی "محەممەد جەرادێ" لە گردی "مشتەنوور" سەر بە شاری کۆبانێ بریندار بوو.
 
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2022 ناوچەکانی کۆبانێ، شەهبا و زرگانێ، هەروەها گوندی "تەقل بەقل" سەر بە شاری دێرکیان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی "هاوار نیوز" بڵاویکردووەتەوە، دوای بۆردوومانی یەکەم، هاونیشتمانیان هەوڵیانداوە بچنە ناوچە بۆردوومانکراوەکە، بە هەمان شێوە "عیسا عەبدوڵڵا"ی پەیامنێریان ویستوویەتی بچێتە شوێنی رووداوەکە بۆ بەدواداچوون و رووماڵکردنی رووداوەکان، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ جاری دووەم ناوچەکەیان بۆردوومان کردووە، بەو هۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون، کە عیسا عەبدوڵڵا یەکێکیان بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
 
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شاری کۆبانێ گەڕەکەکانی "تاخا نوو" و "کانی کوردان" و گردی "مشتەنوور"یان بۆردوومان کردووە. لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا محەممەد جەرادێ پەیامنێری ستێرک TV بریندار بووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سوپای تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بەناوی "چنگ - شمشێر" لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند. فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانی تورکیا لە بەرەبەیانی زووەوە، ژمارەیەک پێگەی پەکەکە و یەپەگەیان کردە ئامانج.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی شەقامی ئیستیقلال دێت کە تورکیا پەکەکە و یەپەگە بە هەبوونی رۆڵ تێیدا تۆمەتبار دەکات.
 
لە بەرامبەردا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە تۆمەتەکانی تورکیا رەتدەکاتەوە و دەڵیت، تورکیا یەک ساڵە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات.