لە کەرکووک تەقە لە نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکەوە تەقە لە نووسینگەی کەرکووکیان کراوە و لەلایەن پاسەوانەکانییەوە وەڵام دراوەتەوە، بەڵام "ئۆتۆمبێلەکە هەڵاتووە."
رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کردەوەیەکی ترسنۆکانە تەقە لە نووسینگەی کەرکووکمان کراوە،" تەقەکەرەکان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "تووێتا کامری"ـدا بوون و هەڵهاتوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شاخەوان عەبدوڵڵا داوا لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەکات ئەنجامدەرانی کردەوەکە بدۆزنەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانە دەڵێت، "خەڵکی بەشەرەفی کەرکووک دڵنیادەکەینەوە هێرشەکە لە خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک رامان ناگرێت."
دەقی راگەیێندراوەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکردەوەیەکی ترسنۆکانە تەقە لەنوسینگەی کەرکوکمان کرا و دەستبەجێ لەلایەن پاسەوانەکانەوە وەڵام درایەوە و ئۆتۆمبێلەکە کە لەجۆری تویتا کامریە پێکهێنرا، بەڵام توانیویەتی هەڵبێت ، وێڕای داواکردنمان لەدەزگا ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە، خەڵکی بەشەرەفی کەرکووک دڵنیادەکەینەوە ئەم هێرشەی ئەمشەویش هاوشێوەی هێرشەکانی پێشوو لەخزمەت کردنی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک رامان ناگرێت.