لە گوندێکی ناحیەی مەلا قەرە گەنجێک بەهۆی لافاوەوە خنکا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ناحیەی مەلا قەرەی سەر بە قەزای مەخموور رایگەیاند، بەهۆی بارانی بەلێزمەوە شوانێک ئاو بردی و کەوتە نێو کەندێک و خنکا. دەشڵێت تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و رەوانەی دادپزیشکیی هەولێر کراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، ئازاد جەوهەر، بەڕێوەبەری ناحیەی مەلا قەرەی سەر بە قەزای مەخموور، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی بارینی بارانێکی بەخوڕی زۆرەوە گەنجێکی گوندی شێخەڵاس کە شوان بووە ئاو بردوویەتی، بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا".
 
گەنجەکە ناوی رێباز فەیسەڵە و تەمەنی 28 ساڵە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی مەلا قەرە، گوتی، "گەنجەکە بەیانی مەڕوماڵاتی بردووەتە دەرەوە، کەندێک لەنێوان گوندەکەیان و ئەو شوێنە هەیە کە مەڕوماڵاتەکەی بۆ بردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناکاو بارانێکی زۆر باریوە، ئیدی ویستوویەتی مەڕەکانی رزگاربکات و بیانپەڕێنێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاوێکی زۆر لە بەرزاییەکانی چیای قەرەچووخەوە هاتووەتە خوارەوە کەوتووەتە نێو کەندەکە و خنکاوە".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای ئەوەی گەنجەکە خنکاوە، دانیشتووانی گوندی مەلا قەرە تەرمەکەیان لە نێو باراناوەکە دەرهێناوە.
 
لە دوێنێوە شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە هەندێک کات شەپۆلەکە گۆڕا بۆ لێزمە باران، بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لافاو هەڵسا و لە هەندێک شوێنیش بە تایبەتی لە چەند گەڕەکێکی سەنتەری شاری هەولێر، ئاو پەنگی خواردەوە.