دەزگای ئاسایشی هەرێم هەواڵێکی حەشدی شەعبی لەبارەی دەستگیرکردنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر رەتدەکاتەوە

 

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) رایگەیاند، بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان لە شاری سلێمانی دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر سێ کیلۆگرام حەشیشدا گرتووە. هاوکات رەتیدەکاتەوە دەستگیرکردنەکە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بووبێت.
 
لە روونکردنەوەیەکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) رایگەیاندووە، "رۆژی 19-11-2025، لە چالاکییەکدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی کەرکووک، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقە، تۆمەتبارێک بە بڕی سێ کیلۆگرام حەشیشەوە دەستگیرکرا."
 
ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا "هەواڵێکی ناڕاست" بڵاوکرایەوە کە گوایە دەستەی حەشدی شەعبی لە شاری سلێمانی بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردبێت؛ "رایدەگەیێنین ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە."
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان، لە گرتووخانەی دەزگای ئاسایش لە شاری سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکەیەکی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لە کەرکووک، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی، "یەکێک لە دیارترین بازرگانانی مادەی هۆشبەریان لە ناوچەکە" دەستگیرکردووە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی حەشدی شەعبی، لە یەکێک لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بۆسەیەکیان داناوە و هێزەکانیان توانیویانە بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک ئەو کەسە دەستگییر بکەن. لەکاتی پشکنینی شوێنەکەیدا دەستیان گرتووە بەسەر سێ کیلۆگرام مادەی هۆشبەری حەشیشدا، کە لە ئامێری فلتەری پاککردنەوەی ئاودا شاردرابووەوە.