دەمیرتاش: رێگە بە کەس نادەم شکۆی من پێشێل بکات و بە سەربەرزیش دەچمە دەرەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە گرتووخانەی ئەدیرنەوە، لە رێی پارێزەرەکانییەوە پەیامێکی دەستنووسى بڵاوکردەوە و رەخنەی لەو لێدوانانە گرت کە بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا بە ناوی ئەوەوە بڵاویکردوونەتەوە. دەمیرتاش هەروەها بڕیاری دا چیدی دیدار لەگەڵ سیاسەتڤانان نەکات.
لە پەیامە دەستنووسییەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش دا کە رۆژی پێنجشەممە 20-11-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "تەنانەت ئەگەر بە نیازی باشیش بێت، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بە ناوی منەوە قسە بکات. کاتێک پێویست بکات من بیروڕاکانی خۆم لەگەڵ رای گشتی بڵاودەکەمەوە".
ئەم پەیامەی دەمیرتاش دوای لێدوانەکانی بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا هات، کە دوای دیداری لەگەڵ دەمیرتاش بڵاویکردەوە.
ئارنچ گوتبووی 'دەمیرتاش داوای بینینی ئەردۆغان دەکات'
بولەنت ئارنچ لەبارەی دەمیرتاش گوتبووی: "داوای بینینی بەڕێز ئەردۆغان دەکات." گوایە دەمیرتاش گوتبووشی: "تەنیا ئەوە بەو دەڵێم؛ لەمەودوا من نایەمە پێشەوە و هەرگیز بیر لە بەربژێربوون، سیاسەت و ئەم جۆرە شتانە ناکەمەوە، بەڵام دەمەوێت بەڵێنی پێ بدەم، لە پێناوی وڵاتەکەمدا ئەوەی لە دەستم بێت بیکەم. منیش پێمگوت ئینشائەڵڵا و ماڵئاواییمان کرد".
دەمیرتاش لە پەیامەکەی دا دەڵێت: "مانەوە بە بێتاوانی لە ژوورێکی تاکەکەسی بۆ ماوەی 9 ساڵ، هەزار سەختیی هەیە. بەڵام بوونە بەشێک لە خەبات بۆ ئازادی، دیموکراسی و ئاشتی بۆ خەڵک، هێزی بەرگەگرتن بەرامبەر هەموو سەختییەکان و ئیرادەیەکی پۆڵایین بە مرۆڤ دەبەخشێت".
دەمیرتاش هەروەها نووسیویەتی، ئەوەی زۆرترین بارگرانی و زەحمەتیی بۆ دروستکردووە، گواستنەوەی ئەو گوتانەیەتی بە شێوەی جیا و بە ناوی ئەوەوە، لەکاتێکدا ئەو قسەی لەوجۆرەی نەکردووە.
سەرۆکی پێشووی هەدەپە دەڵێت:"من نیازی ئەو کەسانە شرۆڤە ناکەم کە ئەوە دەکەن، بەڵام دەبێت هەموو کەس بزانێت و دڵنیابێت؛ من بە سەربەرزی و شەرەفمەندییەوە هاتوومەتە ئێرە، رێگە بە هیچ کەسێک نادەم شکۆی من پێشێل بکات، من هەر بە سەربەرزییش دەچمە دەرەوە، یان تاوەکو دوا رۆژی تەمەنم لێرە دەمێنمەوە. ئەمە بۆ من هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە".
سەڵاحەددین دەمیرتاش هەروەها جەختیکردووەتەوە، تەنانەت بە نیازی باشیش بێت، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بە ناوی ئەوەوە قسە بکات و نووسیویەتی: "هەر کاتێک پێویست بکات من خۆم، بیروڕاکانی خۆم بۆ رای گشتی بڵاودەکەمەوە. هیچ لێدوان، شرۆڤە و بیرۆکەیەک کە من راستەوخۆ بڵاوم نەکردبێتەوە، پەیوەندیی بە منەوە نییە. ئەو بیروڕایانەی بە مەبەستی چەواشەکاری، هەڵبەستن و بەلاڕێدابردن دەخرێنە پاڵ من، تووشی سەرسوڕمان و نیگەرانیم دەکەن".
دەمیرتاش دەستبەسەربوون و مانەوەی لە زیندان بە هۆکاری دروستبوونی ئەو دەنگۆ نادروستانە وەسفکردووە و دەڵێت: "ساڵانێکە ئەم کارە دەکرێت و هەوڵدان بۆ راستکردنەوەی هەر یەکێکیان دەبێتە ئەرک و بارگرانییەکی جیاواز".
هەر لە دەستنووسەکەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاندووە، لەمەودوا جگە لە هاوڕێکانی خۆی، دیدار لەگەڵ هیچ سیاسەتڤان و پارێزەرێک ناکات و دەڵێت:"هیچ رێگەیەکی دیکە بۆ رێگریکردن لەم چەواشەکاری و خراپ بەکارهێنانە نەماوە".
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016ــەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی داوە
رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2018 دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاریدا تورکیا مادەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە.
دادگەکە گوتی، تورکیا هەروەها مادەی 18 و مادەی 3ی پرۆتۆکۆڵی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
بڕیاری 22ی کانوونی یەکەمی 2020
ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو و راگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە.
دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی؛ هەروەها پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە لە لایەن تورکیاوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا کە دەبێ دەوڵەتی تورکیا هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش.
راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێ بیسەلمێنێ دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد.
بڕیاری 8ی تەممووزی 2025
دوایین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاش پەیوەندی بە رووداوەکانی ساڵی 2014ــی کۆبانێ هەیە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەیدا گوتی، بنەمای بڕیاری دەستگیرکردنەکە کۆنکرێتی نەبووە و هیچ پەیوەندیش لەنێوان رووداوەکانی 2014 و تۆمەتەکانی دژی دەمیرتاش نییە.
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد و خستیە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە.
بەگوێرەی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێ بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەک خۆیان جێبەجێ بکات.