فەرماندەیەکی پێشمەرگە: 80%ی کۆبانێ کەوتووەتەوە دەست هێزە کوردییەکان
رووداو - کۆبانێ
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و سوپای ئازاد لە کۆبانێ هێرشێکیان بۆ سەر چەکدارەکانی داعش دەستپێکرد و پێشمەرگەش تۆپبارانی بنکەکانی داعش دەکات.
عەمید شەوکەت مزووری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەڕڤانانی یەپەگە و سوپای ئازاد لە کۆبانێ هێرشێکیان بۆ سەر ئەو گەڕەکانەی کە ئێستا لەژێر دەستی چەکدارەکانی داعشدان دەستپێکردووە و پێشمەرگەش بە چەکی قورس تۆپبارانی بنکەکانی داعشی کرد. بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە "گورزی گەورە لە چەکدارانی داعش دراوە".
عەمید شەوکەت مزووری گوتیشی: "ئێستا چەکدارەکانی داعش لە کۆبانێ لە پاشەکشێدانە و 80% شاری کۆبانێ لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندایە".
فەرماندەکەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ راشیگەیاند "داعش لە چەند گەڕەکێکی کۆبانێ ماون ئەویش بەکەمی دەبینرێن و لەبەرنامەماندایە لە داهاتوودا هێرش بکەین و لە ماوەیەکی کەمدا ئەو گەڕەکانەش لە کۆبانێ بەتەواوی بخەینە ژێر دەستی هێزە کوردییەکان" . هەروەها گوتی: " هێرشەکانی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان کاریگەری هەبووە لەسەر بێهێزبوونی چەکدارەکانی داعش".
شەوکەت مزووری گوتیشی: "لە هەر هێرشێکدا بۆ سەر چەکدارەکانی داعش، پێشمەرگەو یەپەگەو چەکدارەکانی سوپای ئازاد بەهاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان دەستپێدەکەن و گورزی کوشندە لە داعش دەدەن".
هەروەها گوتی:" فڕۆکەی هاوپەیمانانیش بەردەوامن لە بۆردوومانی چەکدارەکانی داعش لە کۆبانێ". بە گوتەی ئەو فەرماندەیە داعش لە ئێستادا لە پاشەکشێدایە و توانای هێرشکردنیان نەماوە.