شەوی یەڵدا؛ درێژترین شەوی ساڵ

رووداو - سلێمانی

ئەمشەو (20-12-2016) شەوی یەڵدایە. 

بە یەكەم شەوی زستان دەگوترێت شەوی یەڵدا، كە درێژترین شەوی ساڵە و دوایین شەوی وەرزی پایزە.

بەپێی زۆرینەی لێكدانەوەكان، یەڵدا وشەیەكی سریانییە و بەمانی لەدایكبوون دێت.

بەشێك لە مێژوونووسانیش دەڵێن، زەردەشتییەكان زۆرترین بایەخیان بەو شەوە داوە و لای ئەوان بە مانای لەدایبكوون دێت، كە لەو شەوەدا رۆژ بەسەر شەودا زاڵ بووە، ئەوەش مانای سەركەوتنی رووناكییە.

خەڵکی کوردستان و ئێران بە درێژترین شەوی ساڵ و شەوی دەستپێکردنی زستان دەڵێن، شەوی چلە یان یەڵدا و ساڵانە بە رێوڕەسم یادی ئەو شەوە دەکەنەوە. 

لەو شەوەدا 14 کاژێر تاریکی، بەشێکی گۆی زەوی دەگرێتەوە و رۆژەكەشی کورتترین رۆژی ساڵ دەبێت. دوای ئەوە رۆژ بە رۆژ، شەو بەرەو کورتبوونەوە دەچێت و تاوەكو یەکەم شەوی وەرزی هاوین، رۆژ درێژ دەبێتەوە.

لە کۆنەوە، بارینی بەفر و باران لە شەوی یەڵدا بە نیشانەی ساڵێکی پڕ خێر و بێر دەزاندرێت.

بەشێکی زۆری خەڵک بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتێکی کۆن ئەو شەوە لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و بەڕازاندنەوەی سفرە و خوانیان شەوی یەڵدا بەڕێدەکەن.