قایمقامی چۆمان: بە هیچ شێوەیەک تەقە لە گەشتیاران نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چۆمان رەتیدەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە تەقە لە گەشتیاران کرابێت و دڵنیایی ئەوەش دەداتە کۆمپانیاکانی گەشتیاری و گەشتیارانی نێوخۆیی و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق "ناوچە گەشتیارییەکانمان ئارامن و بە روویاندا کراوەیە".
سوارە خۆشناو، قایمقامی چۆمان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "چەند رۆژێک پێش ئێستا لە دەزگاکانی راگەیاندن وا بڵاوکرایەوە، گوایە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقە بەسەر گەشتیاران کراوە، کە بۆ گەشت سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی ئەو دەڤەرەیان کردبوو. بۆ ئەو مەبەستەش وەکو سەرۆکی یەکەی کارگێڕی و لایەنی گەشتوگوزار بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە کرد و دەرکەوت بە هیچ شێوەیەک تەقە لە گەشتیاران نەکراوە".
رۆژی هەینی، چیا محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاسەوانی سنووری ئێران لە حاجی ئۆمەران تەقەیان لە ژمارەیەک گەشتیار کردووە.
سوارە خۆشناو دڵنیایی ئەوە دەداتە کۆمپانیاکانی گەشتیاری و گەشتیارانی نێوخۆیی و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق "ناوچە گەشتیارییەکانمان ئارامن، گەشتیار و سەردانیکاران دەتوانن زۆر بە ئاسایی سەردانی حاجی ئۆمەران و تەوای ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری باڵەکایەتی بکەن کە ئێستا بە روویاندا کراوەیە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان گوتی "تەنیا لە 6 رۆژی رابردوودا 3 هەزار گەشتیار لە دەروازەی ناوپردانەوە هاتوونەتە باڵەکایەتی، ئەمەش وایکردووە گرنگی زیاتر بە گەشتوگوزاری زستانە بدەین لە ناوچەکەمان، لە پلانیشماندا هەیە پێش سەری ساڵ کۆڕبەندێکی گەشتیاری لە چۆمان بکەین و بانگهێشتی چەندین کۆمپانیای گەشتیاری بکەین".