بەهۆی مەترسیی لافاوەوە چەند خێزانێک لە دارەتوو دەگوازرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو دەڵێت، بەهۆی دروستبوونی مەترسیی لافاوەوە، لەسەر راسپاردەی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان دەستکراوە بە گواستنەوەی ئەو خێزانانەی کە هەینی رابردوو ماڵەکانیان بەر لافاو کەوتن، بۆ سەنتەری شاری هەولێر.
 
کاروان عارف، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر راسپاردەی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر دەستمان کردووە بە گواستنەوەی ئەو خێزانانەی هەینی رابردوو ماڵەکانیان بەر لافاو کەوتن".
 
کاروان عارف گوتی، "تاوەکو ئێستا 12 خێزان کە لە 59 کەس پێکدێن گواستراونەتەوە چەند هۆتێلێک لە نێو شاری هەولێر". گوتیشی: "هەر خێزانێک دەیەوێت ماڵەکەی چۆڵ بکات، ئامادەین بیان گوازینەوە".
 
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان کە رۆژی یەکشەممە بڵاوی کردووەتەوە پێشبینی کردووە لە دواینیوەڕۆی رۆژى دووشەممە 20-12-2021 بارانبارین دەستپێبکاتەوە و لە کاتەکانى شەویشدا بارانبارین زیاتر ببێت.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو داوا لە دانیشتووانی ناحیەکە دەکات هۆشیار بن و نەخەون، چونکە تاوەکو کاژێر دووی شەویش مەترسیی روودانی لافاو هەیە، داواشی کرد ئەوانەی خانووەکانیان دوو نهۆمە، لە نهۆمی دووەمی خانووەکانیان بخەون.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو ئاماژەی بەوە دا، لە دیوانی پارێزگا بڕیاری ئەوەیان داوە کە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان نەک ئێشکگر بن، بەڵکو دەوامی ئاسایی خۆیان بکەن. هەروەها دەشڵێت، لە ئەگەری دروستبوونی لافاو ئامێری پێویست وەکو شۆفڵ و بارهەڵگر بۆ هەموو جێگەکان دابینکراوە و بە هانای خەڵکەوە دەچن.
 
قۆناخی یەکەمی شەپۆلەی باران بارینەکە رۆژی هەینی رابردوو 17-12-2021 دەستی پێکرد. بەهۆیەوە لافاو لە 15 ناوچەی پارێزگای هەولێر دروستبوو. وەکو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی پێدا، قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە 20 بۆ 21 ملیار دینارە.
 
هەر بەپێی گوتەکانی ئومێد خۆشناو، ئاو چووەتە 2509 ماڵ و زیانی بە کەلوپەلەکانیان گەیاندووە، 402 خانوو زیانمەندبوون، 867 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان حکومین، 153 دووکان، مارکێت و کارگەش زەرەرمەند بوون.