نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە عەبدولفەتاح سیسی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی عەبدولفەتاح سیسی دەکات، بەهۆی هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی میسر.
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکی پیرۆزباییدا بۆ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و دووپاتی کردووەتەوە کە خوازیارە لە ماوەی داهاتووی سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح سیسی برەو بە پەیوەندییەکانی میسر و هەرێمی کوردستان بدرێت.
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، دەستەی نیشتیمانیی هەڵبژاردنی میسر رایگەیاند، عەبدولفەتاح سیسی، بۆ جاری سێیەم بە سەرۆکی میسر هەڵبژێردرایەوە و بۆ ماوەی شەش ساڵی داهاتوو، تاوەکو 2030 سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبێت.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە نامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، هیوای بەردەوامی و ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتری بۆ گەلی میسر خواستووە.
عەبدولفەتاح سیسی ناسراو بە ژەنەراڵ سیسی، لەدایکبووی 1954ـە، شەشەم سەرۆککۆماری میسرە. سیسی لە 3-7-2013 کودەتای بەسەر محەممەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر کرد و توانی لەسەر کار لایبدات و لە 8-6-2014 ببێتە سەرۆکی میسر. ئەو لە 12-8-2012 بۆ 26-3-2014 وەزیری بەرگری بوو. لە هەمانکاتدا، لە 16-7-2013 بۆ 26-3-2014 وەک جێگری سەرۆکوەزیران کاری کردووە.
سیسیی تەمەن 69 ساڵ لە 1977 لەگەڵ ئینتیسار ئەمیر هاوسەرگیریی کردووە و چوار منداڵیان هەیە، مەحموود سیسی کوڕی جێگری سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری گشتیی میسرە.
میسر وڵاتێکی عەرەبیی کیشوەری ئەفریقایە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی 'کیشوەری رەش'. قاهیرە پایتەختەکەیەتی و زیاتر لە 100 ملیۆن دانیشتووی هەیە. ٪85ـی دانیشتووان موسڵمان و ٪15ـش کریستیانن.