بەشێکی ژنان منداڵی ساوا لە ماڵەوە بەجێدەهێڵن و کۆڵبەری دەکەن؛ "لە سواڵکردن باشترە"


رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری حاجی ئۆمەران، لەنێوان سەرما و رێگەی پڕ مەترسیدا، چیرۆکێکی جیاواز دەبینرێت. چیرۆکی ئەو ژنانەی شانە لاوازەکانیان خستووەتە ژێر باری قورسی ژیان و شانبەشانی پیاوان کۆڵبەری دەکەن. 
 
ئەوان دەڵێن نەخۆشی، تەمەن و تەنانەت منداڵی ساوای بەجێماویش ناتوانن رێگرییان لێ بکەن، چونکە نان پەیداکردن بە ئارەقەی نێوچەوان "لە سواڵکردن باشترە".
 
لە سەرەتای ئەم ڤیتییەدا ژنێک دەبینرێ، ئەو بە تەمەنێکی زۆرەوە کۆڵبەری دەکات. دەبێت چ هۆکارێک ناچاری ئەم کارەی کردبێت؟ ئەم داپیرەیە خەڵکی پیرانشارە و لە سنووری حاجی ئۆمەران کۆڵبەری دەکات. بارێکی قورسی ژیان کەوتووەتە سەر شانی. ناخی پڕە لە قسە، بەڵام دەڵێت: "با بەشی زۆری هەر لە دڵمدا بمێنێتەوە."
 
زبێدە، ژنێکی کۆڵبەرە و دەڵێت: "دڵم ناڕەحەتە، هەردوو گورچیلەم بەردیان هەیە، قاچەکانم ئارترۆزیان هەیە، خودا شاهیدە قەندم هەیە، بەڵام ناچارم؛ ئەمە لە سواڵکردن چاکترە. قسەی دڵی خۆم چی بڵێم؟ دەترسم لێتان هەڵڕێژم، دڵ سفرە نییە هەڵیڕێژم، لێیگەڕێ، با لە گۆڕی بابی خۆم بناڵێنم، خودا وای بەسەرهێناوین زۆر شوکور."
 
لەلایەکی دیکەوە، پیاوێک لە کاژێر پێنجی بەرەبەیانەوە لە نۆرەدابووە. کاتی نانخواردنی نەبووە، سێ ژەمەکەی تەنیا بابۆڵەپەنیرێکە، ئەویش بەدەم رێگەوە دەیخوات، بەڵام ئەوانە خەمی سەرەکیی ئەو نین؛ ئەوەی لەسەر دڵی گرانە، ئەوەیە پارەی دەستکەوتووی کۆڵەبارەکەی بەشی خەرجیی رۆژێکی ناکات.
 
رەحمان تەیمووری، کۆڵبەرێکی دیکەیە و دەڵێت: "بەڕاستی کەس رازی نییە لەم مەرزە، هەفتەی رۆژێک دەهێڵن بێین، ئەویش 15 کیلۆ بە ملیۆن و نیوێک دەبەیتە سەرێ و سەعات 12ی شەو دەگەڕێیتەوە. ئایا ئەمە ژیانە؟ ئەمە گوزەرانە؟ وەڵڵا مردن خۆشترە."
 
کۆڵبەرییە یاساییەکە زیاتر پەردەی لەسەر باری قورسی ژیان هەڵدایەوە؛ بەڵام هەرە ئازاردەرەکە کۆڵبەریی ژنانە. عەزیمە، ژنێکی کۆڵبەرە و منداڵی ساوای لە ماڵەوە جێهێشتووە. ئەوەندە باری ژیان لێی قورسبووە، خەمی خۆی نا، بەڵکو خەمی پیاوەکانییەتی و دەڵێت "گوناحن و خەرجی ماڵیان پێ دابین ناکرێت."
 
عەزیمە دەڵێت: "لەبەر دەرد و منداڵ و بەدبەختیی خۆمان دێین. منداڵی یەکساڵەم لە ماڵەوە بەجێهێشتووە. ئەم کارە بۆ ژنان نابێت. دەبێت پیاوان دەرامەتێکی باشیان هەبێت، پیاوەکان گوناحن خەرجی گرانە، ماڵیان پێ بەڕێوەناچێت."
 
پیاوانیش قسە خەمناکەکەی ئەو ژنە پشتڕاست دەکەنەوە. رەحیم بازیان، ئەویش کۆڵبەرە دەڵێت: "کوڕە زستانە رەقهەڵدێین، وەڵڵا جەماعەت هەمووی لێرە لە سەرمان دەبێت."
 
ئەم هاونیشتمانییانە تەنیا هەفتەی یەک رۆژ دەتوانن کاڵا هاوردە بکەن، ئەویش لە 15 کیلۆ زیاتر نابێت. کرێی گواستنەوەی کەلوپەلەکە ملیۆن و 500 هەزار تمەنە، کە دەکاتە نزیکەی 11 دۆلار.
 
ئەوانەی کاروباری کۆڵبەرەکان رێکدەخەن، پاساوێک دەهێننەوە کە تەنیا ئاماژەیە بۆ سنوورداریی دەسەڵاتیان. ئازاد ئاریەن، کارگوزاری سنوورنشینان دەڵێت: "بەپێی یاسا دەتوانن هەموو رۆژێک لە سنوور تێپەڕن و بگەڕێنەوە، بەڵام لەبەر قەرەباڵخیی سنوور و بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت، بەرنامەیەکیان داناوە کە لە هەفتەدا هی وایە رۆژێک و هی وایە دوو رۆژی بەردەکەوێت."
 
سەرەڕای ناڕەزاییان لە شێوازی رێکخستن و سنووردارییەکان، ئەگەر رێگەیان پێبدرێت، پێیان خۆشە هەفتەی چەند رۆژێک هاتووچۆ بکەن، بەڵام هیچ لەم قسانە ئەو راستییە ناگۆڕێت کە کۆڵبەری لە هەر شێوازێکدا بێت، لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانیدا گونجاو نییە.