ئەنجامی راپرسی رووداو لەسەر نۆرینگەکەی مەلا عەلی

رووداو- هەولێر

زۆرینەی بەشداربووانی راپرسی رووداو، پێیان باش نییە نۆرینگەکەی مەلا عەلی کەڵەک دابخرێت.

پۆرتاڵی رووداو لە بەرواری 16.1.2014 تاوەکو 20.1.2014، راپرسییەکی ئەنجام دا و لە سەردانکەرانی پرسی، "پێتباشە نۆرینگەکەی مەلا عەلی کەڵەک دابخرێت؟"، لە ئەنجامدا زۆرینەی بەشداربووان پێیان باشە نۆرینگەکەی مەلا عەلی کەڵەک دانەخرێت.

لەو راپرسییەدا، کە 5,636 کەس تێیدا بەشداریکرد، %58.5ـی بەشداربووان، کە دەکاتە 3,299 کەس بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە و نایانەوێ نۆرینگەکەی مەلا عەلی کەڵەک دابخرێت.

رێژەی %36.5ـی  بەشداربووانی راپرسییەکە، کە دەکاتە 2,055 کەس، بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە و دەیانەوێ نۆرینگەکە دابخرێت.

هەروەها %5.0ـی بەشداربووانیش، کە دەکاتە 282 کەس بە نازانم وەڵامیان داوەتەوە.

رۆژی 30.12.2013، هێزێکی پۆلیس چوونە نۆرینگەکەی مەلا عەلی و دایانخست.

عەلی مەحمود حەسەن، ناسراو بە مەلا عەلی كەڵەك، پەیمانگەی ئیسلامی لە هەولێر تەواوكردووە، مۆڵەتی لە حكومەتی عێراق وەرگرتووە بۆ كردنەوەی "نەخۆشخانەیەك" لە تەنیشت ماڵی خۆیان لە ناحیەی كەڵەك، ئەو بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكات، كە جن هۆكاری زۆر نەخۆشییە بۆ مرۆڤ و وەک خۆی دەڵێ "بە هەنگوین، میزی حوشتر و میزی مرۆڤ، چارەسەری دەیان نەخۆشی ئایدز و شێرپەنجەم کردووە".