دڵشاد سەعید نۆتەکانی سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب بۆ ئۆرکێسترا دەنووسێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دەیان ساڵە سروودی ئەی رەقیب بووەتە سروودی نیشتمانیی نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بەڵام هێشتا میوزیك و شێوازەكەی بەوشێوەیە ئامادەنەكراوە كە هەموو گرووپێكی سیمفۆنیی نیشتیمانی و سەربازیی لە وڵاتان بتوانن بیژەنن، بۆیە دڵشاد سەعید بە نووسینەوەی نۆتەکانی سروودەکە، ئەو کێشەیەی چارەسەرکردووە.
 
سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب بۆ یەکەمجار لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە فەرمیی وەک سروودی نیشتمانیی کوردستان ناسێندرا. لە رۆژی راگەیاندنی ئەو کۆمارە و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە گۆرەپانی چوارچرا لە شاری مەهاباد، لە رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 1946دا، ئەو سروودە لێدرا.
 
کورد تائێستاش لە هەموو شوێنێک (ئەی رەقیب) وەک سروودی نیشتمانی لە بۆنە نیشتمانییەکاندا بەکاردەهێنن. هەروەها وەک سروودی نیشتمانیی لەلایەن حکومەتیی هەرێمی کوردستانەوە پەسندکراوە و لەلایەن ئیدارەی ئیدارەی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستانیشەوە وەک سروودی نیشتمانیی بەکاردەهێندرێت. لەسەر ئاڵای كوردستان كێشە لەنێوان حیزبەكانی كوردستان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان دا هەیە، بەڵام لەسەر ئەی رەقیب یەكڕان.
 

دڵشاد سەعید، هونەرمەندیی نێوداری کورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە ئەم میوزیکە هەم بە مارشی سەربازیی و هەم ئۆرکێسترا بە باشترین کوالێتیی تۆمارکراوە و بڵاوکراوەتەوە و بەڵێن درابوو کە لە شوێنە فەرمییەکان بەو کوالێتییە لێ بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە.

ئەو هونەرمەندە بەناوبانگەی کوردستان هەروەها ئامادەیی دەبڕی بۆ ئەوەی ئەگەر گرووپێکی سەربازیی پرۆفێشناڵ پێکبهێندرێت، سەرپەرشتییان بکات و رێکیانبخات بۆ ئەوەی لەکاتی سەردانی شاندی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو گرووپە بتوانن بە باشترین کوالێتیی سروودەکە لێ بدەن.

سەبارەت بە تۆماری میوزیکەکە بە دەنگ، دڵشاد سەعید گوتی، بڕیاربوو مانگی 2 بەشێوەی کۆراڵ تۆماری بکرێت بەڵام بەهۆی کۆرۆنا گومانی هەیە بتوانن لەو کاتەدا بیکەن، ئەگەرچی دەڵێت "لە داهاتوودا لە بەرنامەمدایە بەشێوەی کۆراڵ و هەروەها بەدەنگی گۆرانیبێژە نێودارەکانی کوردستان تۆماری بکەم".

حکومەتی فەرەنسا داوای نۆتی ئەی رەقیبیان لە هونەرمەند دڵشاد سەعید کردووە

 

دڵشاد سەعید سوپاسی فەرەنسا دەکات چونکـە دەڵێت ، ئـەوان یارمەتیدەربـوون بـۆ تەواوبوونـی ئـەو پڕۆژەیـە. حکومەتی فەرەنسا داوایانلێکـردووە نۆتــەی سروودی نیشــتمانیی کوردســتانیان پێبدرێــت، چونکــە دەیانەویســت لــە رۆژی 7ی ئەیلوولــی 2016 لــە رێوڕەسمی پێشــوازیکردن لــە سەرۆک  مەســعود بارزانــی، ســەرۆکی ئەوکاتی هەرێمــی کوردســتان، بــە شــێوەیەکی فەرمــی لــە کۆشــکی ســەرۆکایەتیی ئێلیــزێ ئــەدای بکــەن. 

ئەو هونەرمەندە کوردە دەڵێت "بەداخــەوە تاکــە بەربەســت لەبــەردەم بەڕێوەبردنــی ئــەو رێوڕەسـمە بەردەسـتنەبوونی نۆتەکانـی سروودی نیشـتمانی کوردسـتان بــوو. بۆیــەش دەستپێشــخەریی ئــەوان پاڵنــەری راســتەقینەبوو تاوەکــو ئـەی رەقیـب بـە شـێوەیەکی ئۆرکێسـترایی دابڕێژرێتـەوە، بـە جۆرێـک لەگـەڵ سـتانداردە خوازراوەکانـی گرووپـە مۆسـیقاییە سـەربازییەکان و ئۆرکێســترای ســیمفۆنیدا گونجاوبێــت".

گرنگیی پرۆژەکە لەوەدایە، لە داهاتوودا هیچ دەوڵەتێك دووچاری كێشەیەكی وەك ئەوكاتەی چوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ فەرەنسا نەبێتەوە.

چەند وشەیەک دەربارەی ئۆرکێسترا و رێکخستنەکەی
 
بەڕێزان،
 
رەنگـە پێویسـت بـکات لێـرەدا چەنـد وشـەیەک دەربـارەی رێکخسـتنی ئـەم ئۆرکێسـترایەبووترێـت. ئامێـرەکان بەپێی سـتاندەرەکان ویند ئۆرکێسـترا هەڵبژێـردراون. بـەڵام لەکاتـی کـەم و زۆریـی ئامێـرەکان، کۆندەکتـەر خـۆی بەشـێک لادەبـات یـان زیـاد دەکات، بەشـێوەیەک کـە میلـۆدی و هارمۆنیـا دەنـگوئاوازیـان هـەروەک خـۆی دەمێنێتـەوە. لەنـاو سـکۆرەکەدا تیمپانی وەک ئامێرێکـی بـژاردە هێڵڕاوەتـەوە، بـەڵام ئەگـەر هاتوو ئامێرەکە دەسـت نەکــەوت، دەتوانــرێ پشــتگوێ بخــرێ. 
 
ئەگــەر هاتــوو ئامێــری یوفۆنیــەم بەردەسـت نەبـوو، ئامێرێکـی هاوشـێوەی وەک ساکسـەفۆن یـان باسـوون یــان ترەمبۆنێکــی زیــادە شــوێنی بگرێتــەوە. لانــیکــەم دوو ســنێر درەم پێویسـتە ئەگـەر زیاتریـش نەبـێ.
 
دڵشاد سەعید
کەمانژەن و ئاوازدانەر
 
دڵشاد سەعید هونەرمەند و میوزیکژەن و میوزیکزانی ناسراوی کورد
 

- ساڵی 1958 لە شاری دهۆك لەدایك بووە.
- ساڵی 1977 پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدای تەواو كردووە.
- ساڵی 1979 گرووپی میوزیكی دهۆكی دامەزراندووە.
- ساڵی 1984 لە بەریتانیا دەستی بە خوێندن كردووە.
- ساڵی 1988 بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی وێڵز بەدەستهێناوە.
-  لە ساڵی 1991ەوە لە نەمسا نیشتەجێیە و لەزانكۆكانی ئەو وڵاتە وانەی میوزیك دەڵێتەوە.
 
هونەرمەند و میوزیکژەنی ناوداری کورد، دڵشاد سەعید لە رۆژی 19-6-2018 لە مەراسیمێکی بەرفراواندا بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری میوزیکی کوردی لە زانکۆی مۆزارت لە شاری ساڵزبورگی وڵاتی نەمسا وەرگرت.
 

هەروەها یەکێک لە بڕوانامەکە گرنگەکانی ژیانیی هونەریی دڵشاد سەعید بڕوانامەی دبلۆمی ئەکادیمیای شاهانەی بەریتانیایە لە لەندەن بۆ کەمان ژەنین.

نامەی دکتۆراکەی هونەرمەندی کورد دڵشاد سەعید لەژێر ناوی "لێکۆڵینەوەیەک لەسەر میوزیکی کورمانجی - لەبەرچاوگرتنی گۆرانییە ریتمییەکان". بوو، کە دوای گفتوگۆی تێزەکەی هونەرمەند دڵشاد سەعید، بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی زۆر باش  بەشێوەیەکی فەرمی لە زانکۆی مۆزارت وەرگرت.
 
سیمفۆنی و كۆڕاڵی (پێشمەرگە) و (شنگال) دوو کاری هونەریی دڵشاد محەممەد سەعید، ڤیۆلۆنیست و كۆمپۆزەری ناوداری كوردبوون، كە بەشێوەی سەمفۆنیا و كۆڕاڵ بەرهەمهاتوون و ساڵی 2015 بڵاوکرانەوە. ئەو دوو بەرهەمە لە ئەلبوومێكدا بڵاوكرانەوە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەریانە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و پێشوازییەکی زۆری لێکرا.
 

لە 5ی تشرینی دووەمی 2016، بەهۆی ساڵانێکی زۆر خزمەتی میوزیکی کوردی، پارکێکی دهۆک بەناوی دڵشاد سەعیدەوە ناونراو و کەمانێکیش وەک هێمایەک بۆ ئەو میوزیکژەنە دانرا.

شاعیری ئەی رەقیب کێیە؟
 
دڵدار (1948-1918) کە خەڵکی شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، هۆنراوەی ئەی رەقیبی نووسیوە و هێشتا خۆی لە ژیاندابووە کە کراوەتە سروودی نیشتمانیی کوردستان.
 
دڵدار وێڕای شاعیری، تێکۆشەرێکی نێوداری سیاسی بوو و، کۆلێژی مافی لەشاری بەغدای پایتەختی عێراق تەواوکردبوو.
 
ئەی رەقیب!
 
ئەی رەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان
نای رمێنێ دانەیی تۆپی زەمان
 
ئێمە رۆڵەی رەنگی سوور و شۆڕشین
سەیریکە خوێناویە رابووردوومان
 
ئێمە رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
دینمان ئایینمانە هەر نیشتمان
 
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە
زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان
 
چەند ھەزارلاوانی کوردی نەڕڕەشێر
بوون بە قوربانی و ھەموویان نێژران
 
لاوی ئێستاش حازر و ئامادەیە
جانفیدانە جانفیدانە جانفیدان
 
لاوی کورد ھەڵسانە سەرپێ وەک دلێر
سا بە خوێن نەقشی ئەکەن تاجی ژیان
 
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە
زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان
 
کلیک بکە لەم لینکەی خوارەوە بۆ بینینی نۆتەکانی سروودەکە
 
سروودی نیشتمانیی کوردستان (ئەی رەقیب) بۆ باندی میوزیكی سەربازی میبیمۆل ماجۆر. رێکخستن و ئۆرکێسترا  دڵشاد سەعید

 

هونەرمەندی نێوداری کورد دڵشاد سەعید نۆتەکان و هەروەها مۆسێقاکانی ئەی رەقیب پێشکێش بە گەلی کورد دەکات و دەتوانن لەم لینکانەی خوارەوە  دایگرن

ئەی رەقیب بە مارشی سەربازی

 

 

ئەی رەقیب بە ئۆرکێسترا