دڵشاد شەهاب: ئەمریکا بەلایەوە گرنگە دابەشبوون لە هەرێمی کوردستان نەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێمی کوردستان خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکانە لەگەڵ بەغدا و "لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق." دەشڵێت، ئەمریکا بەلایەوە گرنگە دابەشبوون لە هەرێمی کوردستان نەبێت.
 
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی بەغدا، باس لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی بودجەی گشتیی عێراق، یاسای نەوت و گاز، پرسی پاراستنی سنوورەکان و چەند بابەتێکی دیکەیش کراون.
 
کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتربوون و بووەتە هۆی ئەوەی کە کابینەی وەزاریی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن. دڵشاد شەهاب پێیوایە ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی و پشتگیریی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە ئەو وڵاتە پێیوایە کە دەبێت چیدیکە "ئاسەواری دابەشبوونی هێز لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، دەبێت هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو هەبێت و ئەم داوایەیان بەڕوونی لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە."

 

 
بەگوتەی دڵشاد شەهاب، "ئەمریکا رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئاشتەوایی لەنێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هەم لەو رۆڵەشی کە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەیگێڕێت زۆر بەرز دەنرخێنێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، ئەو راوێژکارە باڵایەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی نوێی عێراق لە "قۆناخێکی جیدیی و هەستیاردایە"، چونکە دوای مشتومڕێکی زۆر و نزیکەی یەک ساڵ لە هەڵبژاردن، پێکهاتووە. باس لەوەش دەکات، "بۆ سەرکەوتنی ئەو حکومەتە پێویستە کە ئاشتەواییەکی گشتی هەبێت، پێویستە کە داننان بە مافەکانی  گەلی کوردستان هەبێت، عێراقی سەقامگیر نایەتە ئاراوە ئەگەر هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور بۆی فەراهەم نەکرێت". دەشڵێت، ئەم پەیامە بە روونی بە بەغدا دراوە.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە "تێگەیشتنێکی باش لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و گفتوگۆیەکی باشی لەسەر کراوە" و دەڵێت، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاساکە پەسند بکات و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بکات.

 

 
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، "سوودانی پابەندە لەسەر جێبەجێکردنی هەموو وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی کە هەموو لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون و لەسەر ئەو بنەمایەش حکومەتی نوێ پێکهات."

 

 
بە بڕوای دڵشاد شەهاب، لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق "مافەکانی گەلی کوردستان دیاریکراوە لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت ئەو بوارانەی کە تائێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە؛ لە بواری نەوت و گاز، لە بواری هاوئاهەنگیی ئەمنی، لە بواری مافەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، لە بواری پاراستنی سنوورەکان و پاراستنی سەروەریی خاک."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: ئامانجی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی یادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم چی بوو؟
 
دڵشاد شەهاب: خۆی ئەو رۆژە بە رۆژی شەهیدی عێراقیش ناونراوە، کە رۆژی یەکی رەجەبە، لە هەمان ئەو رۆژەدا خوالێخۆشبوو محەممەد باقر حەکیم، لە کردەیەکی تیرۆریستیدا تیرۆر کرا، لەلای مەزاری پیرۆزی ئیمامی عەلی رەزای خوای لێبێت، جەنابی سەرۆکی هەرێم بە فەرمی بانگهێشتکرابوو بۆ بەشداریکردن، بەشداریکردنەکە ئامانجی جیاجیای تێدا بوو. یەکەم؛ بۆ رێزگرتن بوو لەو هەڵوێستە مێژووییەی کە بنەماڵەی حەکیم بەرامبەر کێشەی رەوای گەلی کورد هەیانبوو، هەڵوێستیان لە قۆناخە جیاجیاکاندا لە حەرامکردن و قەدەخەکردن تا بۆیان مومکین بوو شەڕ دژی کورد بکرێت، هەروەها بۆ رێزگرتن لەو پەیوەندییە مێژووییەی ئەو خانەوادە بەڕێزە لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و جەنابی بارزانی هەیانبووە، بۆیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک رێزێک ئامادەبوو لە یادەکەدا. 
 
دووەم؛ لە گوتارەکەشیدا هاتبوو کە بۆ گەلی عێراق و حکومەتی عێراق بوو کە ئاشتەواییەکی گشتی پێویستە و عێراق لەبەردەم قۆناخێکی جیدی هەستیار دایە، ئەم حکومەتەی کە پێکهاتووە گرەوێکی زۆری لەسەر کراوە و دوای مشتومڕێکی زۆر و یەک ساڵ دوای هەڵبژاردن هاتووەتە ئاراوە. کۆمەڵێک بەڵێندراوە بۆ سەرکەوتنی ئەم حکومەتە، پێویستە ئاشتەواییەکی گشتیی هەبێت، پێویستە داننان بە مافەکانی گەلی کوردستان هەبێت. عێراقێکی جێگیر نایەتە ئاراوە ئەگەر مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا فەراهەم نەکرێن. ئەم پەیامانە بە روونی بە بەغدا دراون. هەروەها دووپاتکردنەوەی پشتگیریی بۆ سەرکەوتنی حکومەتی بەڕێز سوودانی، کە لەسەر بنەمای رێککەوتنێک کە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتی لەسەر بونیادنراوە لە بوارە جیاجیاکان، لە بواری؛ ئاسایش و سەربازی، دارایی و بودجە، یاسادانان و ئەو بەشەی پەیوەستە بە پەرلەمانەوە. ئەمانە لە چوارچێوەی پەیامی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون کە بە شەقامی عێراقی و سیاسییەکان عێراق گەیشتووە.
 
رووداو: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد سوودانی و محەممەد حەلبووسی چۆن بوو؟ باسی چی کرا؟
 
دڵشاد شەهاب: ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامییان هەیە، لەوەتی حکومەت پێکهاتووە ئەمە چوارەمین جارە جەنابی سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و بە گشتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، جگە لەو سەردانانەی کەوا لێرە ئەنجامدراون. رێککەوتنێک کراوە لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە هەرێمی کوردستان بە کارایی بەشدارە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئەو رێککەوتنە مافەکانی گەلی کوردی تێدا دیاریکراوە لە گشت بوارەکان، بەتایبەتی ئەو بوارانەی کە هێشتا وەکو کێشەی هەڵپەسێردراو ماونەتەوە، لە کێشەی نەوت و گاز، هاوئاهەنگیی سەربازی، مافەکانی هەرێمی کوردستان، بودجە، پاراستنی سنوورەکان و پاراستنی سنوور و سەروەریی خاک و هاوئاهەنگی لەگەڵ دراوسێکانی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەگەر لێکی جیا بکەینەوە، ئەو بەشەی کە پەیوەستبووە بە دیداری بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، لەسەر ئەو بەشەی کە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە ئەستۆی حکومەتدایە، بەڕێز سوودانی سوورە لەسەر ئەوەی کەوا پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی کە هەموو لایەنەکان لەسەری کۆکن و لەسەر ئەو بنەمایەش حکومەت پێکهاتووە، ئەگەر ئێستا لێکی بدەینەوە ئەمە قازانجەکانی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە کەوا؛ یەکەمین هەنگاو کە لەبەردەمماندایە رێککەوتنە لەسەر پرۆژە یاسای بودجە کە گفتوگۆیەکی باشی لەسەر کراوە و تێگەیشتنێکی باشی لەسەر کراوە، ئامادەیی باشی بۆ کراوە، رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئەنجوومەنی وەزیران دوایین دەنگی لەسەر بدرێت و بنێردرێت بۆ پەرلەمان. ئەمە کارێکی هەنووکەییە و لەبەردەستە. هاوئاهەنگی سەربازی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی و دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (کە دەبێ ئەم هاوئاهەنگییە بەردەوام پەرەی پێبدرێت)، پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکدی و دووپاتکردنەوەی دڵنیاییدان بە دراوسێکانی ئێمە لەسەر ئەوەی کە بوار نادرێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی هەڕەشە بۆ دراوسێیەکان. ئەوەی لە ریزبەندی یەکەم دێت، بابەتی بودجەیە کە تێگەیشتنێکی باش هەبووە.
 
رووداو: لەسەر ئەم تێگەیشتنە، ئەوەی کوردستان داوای دەکات جێگیر بووە؟
 
دڵشاد شەهاب: دەبێ ئەمە ورد بکرێتەوە، چونکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک بابەت؛ داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، داهاتەکانی عێراق و رێژەی پشکی هەرێمی کوردستان حساب دەکرین، هەموو ئەم وردەکارییانە لە کارنامەی شاندی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەن، گرنگ ئەوەیە تائێستا جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە، سەرۆک و پێکهاتەی حکومەتی ئێستا، ئامادەیی ئەوەیان تێدایە ئەو بەڵێنانە ببەنە سەر کە حکومەتی لەسەر پێکهێنراوە. 
 
بەشی دووەمی ئەوەیە کە جەنابت پرسیت لەسەر دیداری لەگەڵ بەڕێز حەلبووسی، ئەو رێککەوتنە بەرفراوانەی کە لەسەر بنەمای ئەوە حکومەت پێکهاتووە کە لە دوولاوەیە، یەکێک؛ سوننەکان کە گەورەترین کوتلەیان بەڕێز حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات، وەکو لایەنێکی کاریگەر لە پێکهێنانی حکومەتدا. دووەمیش؛ خۆی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو هاوئاهەنگییەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگا سوننەنشینەکان هەن (خۆی بابەتێکە پێویستی بە هاوئاهەنگی و هاوکارییە) بەشی سەرەکی رێککەوتنەکەش ئەو بەشەیە کە دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمان، سبەی و دووسبەی کە حکومەت بودجە دەنێرێت، دواجار لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێت، کاریگەریی بەڕێز حەلبووسی و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان لەو بوارەدا، کاریگەرە. 
 
بڕیار لەسەر یاسای نەوت و گاز دراوە کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەبێ بڕیاری لەسەر بدرێت و پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق و پرسی دەرکردنی یاسایەکی نوێ بۆ دادگەی فیدراڵی، هەموو ئەمانە باسکران و سەرۆکی پەرلەمان دیسان پابەندیی خۆیان وەکو بەشێکی کاریگەر لەو هاوپەیمانێتییە (خۆشبەختانە هێشتا هاوپەیمانێتییەکە هەیە) کردەوە.
 
رووداو: کۆبوونەوەیەکی دیکە هەبووە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، حەتمەن ئەمریکا کاریگەرە و دەتوانێت کاریگەریی هەبێت، ئەو تەوەرانەی لەگەڵ باڵیۆز باسکران چی بوون؟
 
دڵشاد شەهاب: خۆتان دەزانن ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکەوە، ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ تویتەکەی بەڕێز باڵیۆز کە دوای دیدارەکە کردی، جیگەی گرنگیپێدانی ئەمریکان، ماوەیەکی کورت پێش ئێستا شاندێکی باڵای ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بووە، کۆمەڵێک دیداریان لێرە و لە بەغداش هەبوو، بە نمرەیەکی زۆر ئەوان گرنگی بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە دەدەن کە ببێتە هۆی ئارامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەش ئەوەیە کە رێککەوتن بکرێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. بۆ ئەم مەبەستە زۆر وردەکاریی باسکران، هەستمان بەوە کرد کە پشتگیرییکردنی ئەمریکا لەو هەنگاوانە زۆر روونە، لەوەش روونتر ئەوەیە کە چارەسەرکردنی پرسەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەهێزەوە لەو مەیدانە سیاسییە پڕ تەنگژەیەدا کاریگەریی هەبێت، دەبێ کێشە نێوخۆییەکانی چارەسەر بکرێن، ئەو کێشانەش لە پەیوەندییەکانی دوو هێزی سەرەکی کۆبوونەتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەو پرسانەی کە هەنووکەیین و لە بەردەمدان و جێگەی بایەخی ئەمریکان (چونکە زۆر دەمێکە و بەتایبەت لە دوای شەڕی داعشەوە ئەمریکا پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە کردووە)، بڕوایەکی پتەویان لەو هاوبەشییە بۆ دروستبووە، بەڵام ئەم هاوبەشییە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی جیدیدایە، ئەویش ئەوەیە کە چیدی ئاسەواری دابەشبوونی هێز لە کوردستاندا نەمێنێت، دەبێ هێزێکی پێشمەرگەی یەکخراو هەبێت و ئەم داوایەیان زۆر بە روونی لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. ئەگەرچی ‌هێواشیش بن بەراورد بە چاوەڕوانییەکانی هەمووان، بەڵام هەنگاوەکان بەردەوامن، دواجار دوو رۆژ دوای هاتنی شاندەکە بە سەرۆکایەتیی مەکگۆرک، بۆ هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەربازی لە سەرۆکایەتیی هەرێم ئەنجامدرا، هەم هێزەکانی ئەمریکا و هەم ئەو هێزانەی کە تائێستاش بە هێزی پارتی و یەکێتی ناودەبرێن بەشداربوون، رێگەچارەیەک دانراوە، بەڵام زۆر پێداگرن لەسەر ئەوەی کە دەبێ سەرۆکی هەرێم و لایەنەکان بە جیدی لەسەر ئەم بابەتە رابوەستن و ئەم بابەتە گرەوی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانی لەسەر دەکرێت و زۆر بەلای ئەوانەوە (ئەمریکا). 
 
گوتنێکی حەقیش هەیە، ئەوان رۆڵی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان زۆر بەرز نرخاند، لە هەوڵەکانی پاراستنی ئاشتەوایی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و هەم رۆڵگێڕانی لە پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هەم ئەو رۆڵەشی کە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەیگێڕێت. لە لێکنزیککردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان. ئەوە پوختەی کۆبوونەوەکانی (نێچیرڤان بارزانی)بوون.