لە سلێمانی شەڕەتەقە لەنێوان پۆلیس و داواکراوێک روویدا و کوژراو و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە شەقامی پیرەمێردی سلێمانی شەڕەتەقە لەنێوان داواکراوێک و هێزێکی پۆلیس روویدا بەهۆیەوە پۆلیسێک گیانی لەدەستدا و پۆلیسێک و هاووڵاتییەکی دیکە بریندارن.
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی گوتی، ئەو هێزەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان چوونەتە یەکێک لە هۆتێلەکانی شەقامی پیرەمێرد داواکراوێک دەستگیر بکەن، بەڵام تەقەی لێکردوون و لە ئێستادا تۆمەتبارەکە هەڵهاتووە.
ئەو پۆلیسەی لە رووبەڕووبوونەوەکەدا کوژراوە، ناوی رزگار ئەحمەدە، پلەی (مفەوەز) بووە و تەمەنی 40 ساڵە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
هۆرڤان رەفعەت پەیوەندی کردووە بە نەخۆشخانەی شار و رایانگەیاندووە، کە ئەوان بریندارەکانیان لە شوێنی رووداوەکەوە گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە و پزیشک و کارمەندی ئێشگر راسپێدراون ئامادەکاری بکەن بۆ هەر چارەسەرێکی لەناکاو گەر پێویست بکات.