داواکاری گشتیی سێمێل سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆماردەکات رێگە بە کارکردنی پاڵاوگەکانی کواشێ دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی سێمێل دەڵێت، 26 سکاڵای لەسەر پاڵاوگەکانی کواشێ تۆمارکردووە و 10 بڕیاریان بۆ دەرچووە.
حەکیم عەبدولواحید، داواکاری گشتیی سێمێل لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژیر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "دوای بڕیاری حکومەت بۆ پاراستنی ژینگە، لەگەڵ خاوەنی پاڵاوگەکانی ناوچەی پیشەسازیی کواشێ کۆبووینەوە و داوامان کرد کۆتایی بە کارکردنیان بێنن و پابەندی رێنماییەکان بن".
داواکاری گشتیی سێمێل گوتی: "بەشێک لە پاڵاوگەکان پابەندی رێنماییەکان نەبوون و ئێمەش سکاڵامان تۆمار کردووە".
بە گوتەی داواکاری گشتیی سێمێل، "ناوچەی پیشەسازیی کواشێ تایبەتە بە کارگەکان. پاڵاوگەکان بە زێدەڕۆیی لەسەر مۆڵکی حکومەت و بێ وەرگرتنی مۆڵەت دانراون"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "لێکۆڵینەوە دەکەم؛ سکاڵا لەسەر هەر لایەنێکی حکومی و بەرپرس تۆمار دەکەم کە کاری خۆی بە باشی نەکردبێت و رێگەی بە کارکردنی ئەو پاڵاوگانە دابێت".
حەکیم عەبدولواحید گوتی: "هەر کارگەیەک دوای 24 کاژێر لە ئاگادارکردنەوەی کارەکانی رانەگرێت، هێزێکی ئەمنی دەچێتە شوێنەکە و دەست بە سەر ئامێرەکانیدا دەگرێت".
رۆژی 13-01-2025 بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بەشداریی قایمقام و بەرپرسانی ژینگەیی، ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای دهۆک، کۆبوونەوەیەک لەبارەی ژینگەی سنوورەکە بەڕێوەچوو و کۆمەڵێک بڕیاردران.
بڕیارەکان دوای ئەوە بوون رۆژی 12-01-2025 کۆبوونەوەیەک لە هەولێر بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران کە ئەمانەن:
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کاربکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.